دژەتیرۆری سلێمانی رەتیدەکاتەوە دەستی لە کوشتنی هاوکار جاف هەبووبێت


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێندراوێک لەبارەی دانپێدانانی شەش کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەفسەرێکی پێشووی دژە تیرۆر بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، دەزگاکە "بەتووندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف." 
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی" کراوە.
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی دەڵێت، "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەربەلایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان  ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات."
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات، "دژەتیرۆر رۆڵی بینیوە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش کە نەک تەنیا لە هەرێم [هەرێمی کوردستان] جێگەی شانازییە، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون و هاوکار و هاوئاهەنگی سەرەکی بوون لە سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆردا."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تیمەکە پێکهاتوون لە "10 تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژە تیرۆری سلێمانین و بریتین لە؛ تیمی چاودێری بەسەرپەرشتی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فەیسەڵ حوسێن، بەرپرسی وێستگەی دژە تیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ 5 تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بەناوەکانی (سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، عەلی هاشم ئەحمەد، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی حوسێن شوکر)".
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات ئەوان لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر "بەپێی تایبەتمەندی شوێنی رووداو، داوامان لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە کە ئەو تۆمەتبارانە رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر بکەن".
 
دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کە بڕیارە سبەی لە پەرلەمان بەڕێوەبچێت بەیەکدییەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت، "ئەگەر ئەمشەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشاندایەتەوە ئایا ئەمشەو ئەو ڤیدیۆیە بڵاو دەکرایەوە؟ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن کە باوەڕ بە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بکەن لە شەوی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار."
 
دەقی راگەیێندراوی دژە تیرۆری سلێمانی:
 
دەزگای دژەتیرۆر بەتووندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەت دەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف. 
 
دەزگای دژەتیرۆر ھێزێکی نیشتمانی، رێکخراو، فەرمی، حکومی، تایبەت و مەشقپێکراوی سەربازییە و رۆڵێکی مێژوویی بینیوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە سەرتاسەری عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت.
 
دژەتیرۆر رۆڵی بینیوە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش کە نەک تەنیا لە هەرێم جێگەی شانازییە، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون و هاوکار و هەماهەنگی سەرەکی بوون لە سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆردا.
 
ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵاتووە و سەربەلایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات.
 
ئێمە لە دەزگای دژەتیرۆر لەوە تێدەگەین خۆهەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتمانی کە مێژووەکەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، کاری بەردەوامی ئەو دەزگا هەواڵگرییە کە ئێستا و لەم ساتەوەختە هەستیارەی کە عێراقی پێداتێدەپەڕێت، دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەوان بەردەوام بۆ پەردەپۆشکردنی پەڵە رەشەکانیان دەست بۆ سیناریۆ و پلانی دوژمنکارانە دەبەن.
 
خۆ ئەگەر ئەمشەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشاندایەتەوە ئایا ئەمشەو ئەو ڤیدیۆیە بڵاو دەکرایەوە؟ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن کە باوەڕ بە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بکەن لە شەوی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. 
 
ئێمە لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە:
 
1. تەواوی ئەو رووداوەی لە رێککەوتی (7ی تشرینی یەکەمی 2022) لە شاری هەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر کاردەکەن و بۆ جێبەجێکردنی مەرامە گڵاوەکانیان ئاڕاستەکراون. چەندینجار رامانگەیاندووە پێویستە پارتی و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە مەرامی ئەو گرووپە هەڵاتووە لە یاسا ئاگاداربن کە ئێستا لە هەولێر نۆکەری بۆ وڵاتانی هەرێمی دەکەن. 
 
2. ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن، کە دەبووایە بۆ رێزگرتن لە ئەنجوومەنەکە و جوانترکردنی پیلانەکەیان، رێوشوێنی یاساییان بگرتایە بەر نەک بە شێوەیەکی چەتەگەری دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنە پاڵ. بەوپێیەی ئەو ئەنجوومەنە سەر بە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانە، لەمەشدا پارتی دەزگا نیشتمانییەکان بۆ پلانە گڵاوەکانیان بەکار دەهێنێت.
 
3. سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەینەوە و دڵنیاتان دەکەین خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە.
 
4. داواکارین بۆ یەکلاکردنەوەی سیناریۆکە، تیمێکی پسپۆڕی بێلایەن لە (هێزەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکێتیی ئەوروپا) لەژێر چاودێریی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت و خاوەندارێتیی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.
 
5. بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە دەزگای دژەتیرۆر وەک ھەمیشە لە سەنگەری پاراستنی خاکی کوردستان، سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری و ئاسایش و شکۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا رووبەڕووی هەر پیلانێک دەبینەوە کە ئارامی و سەقامگیری خەڵک بخاتە مەترسییەوە و داتاشینی سیناریۆی بێبنەما لەم ئەرکە پیرۆزە ساردمان ناکاتەوە.
 
6. بەڕێز بەڕێوبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر، تەواوی ئەو دانپێدانانە رەتدەکاتەوە و هیچ کاتێک پێویستی نەکردووە ئەفسەری هەواڵگری، بەڕێوبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر ببینن، تەنیا یەکجار و لە ساڵی رابردوودا دوای رووداوەکانی هەشتی تەممووز سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆریان کردوە، سەربە سەنتەری موسڵی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بوون و لەلایەن (عقید هاوکار) سەرپەرشتیکراون.
 
7. روونیشی دەکەینەوە دەزگای دژەتیرۆر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ھێزەبووە باوەڕی بە پاراستنی خاکی کوردستان و خەڵکەکەی هەبووە و هەرگیز خۆی لە بەرپرسیارێتیی نەدزیوەتەوە. هەر کارێکیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت بێترس و دوودڵی دەیکات. مێژوومان ئەمەی سەلماندووە و رووبەڕوونەوەی چەکدارانی داعش سەلمێنەری ئەم راستییەیە. دووپاتیشی دەکەینەوە خوێنی هیچ پێشمەرگە و ئەفسەرێک ناگۆڕینەوە بە هیچ دەستکەوتێکی تایبەت. هیچ شتێک لە خوێنی رۆڵەکانمان بەبەهاتر نییە و لەهیچ کەسێکیش خۆشنابین یاری بە چارەنووسیانەوە بکات.
 
8. بەدڵنیاییەوە رایدەگەیەنین هەر هێز و گرووپێکی لەیاسا دەرچوو بیەوێت شکۆی ئاسایشی هەرێم تێک بدات، بە گورزێکی نیشتمانییانەی کوردانە تێکی دەشکێنین. ئێمە داواکارین ئەو بارودۆخە بەپێی یاسا راست بکرێتەوە ئەگەرنا بەڕوونی دەڵێین (لەجێی سندان قوزەڵقورتە).
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر-CTG