رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکە لە بەرامبەر بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بڕیاریان داوە، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەرواری 06-11-2022 لە پەرلەمان بکشێنەوە.
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە سەرپەرشتیی هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئەنجام دا.
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی وەرگرتنی هەڵوێست لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی "نایاسایی" تاوتوێ كراوە و ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری دا كە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرواری 6-11-2022 بەدواوە كە "ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان بكشێنەوە."
هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ سوپاسی یەکگرتووی کرد لەبارەی بڕیارەکەیانەوە و رایگەیاند، "جێگەی دەستخۆشییە کە ئەوانیش بڕیارە راستەکەیان دا. هیوادارین هەموو هێز و لایەن و پەرلەمانتارەکانی تر هەمان هەڵوێستیان هەبێت، هەروەکو چۆن داواکاریشین کە هیچ پەرلەمانتارێکی کشاوە مووچە وەرنەگرێت لە دوای ئەو بەروارەوە."
رۆژی 09-10-2022 بە 80 دەنگ تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە.
پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە "سەربەخۆکان" دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون.
سەبارەت بە هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "مهبهست له دهرچوواندنی بۆ رێگریكردنه له دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دهستوورى و پاراستنی یهكڕیزیی نیشتمانی و ئامادهكاریی زیاتر بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان، لهبهرئهوهی بەگوێرەی یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان - عێراق، ژماره (1)ى ساڵی 1992ی ههمواركراو، رۆژی 06-11-2022 ماوهى خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان - عێراق كۆتایی دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ