ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: هۆکاری تەواونەکردنی رێگەی سلێمانی - کەلار دابیننەکردنی پێشینەیە

12-10-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئازاد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئازاد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو دابەشکارییەی کە 57٪ بە 43٪ـە و حکومەت تاوەکو ئێستا کاری پێدەکات، زیانی زۆری لە پڕۆژەکانی سنووری سلێمانی داوە و داوا دەکات هەڵبوەشێندرێتەوە. دەشڵێت، هۆکاری سەرەکیی تەواونەکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی بەهۆی دابین نەکردنی پێشینەکانە لە کاتی خۆیدا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-10-2022، ئازاد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، کە لەسەر تەواونەکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی کرا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "گلەیی زۆرمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لەبارەی رێگەوبانەکانی ئەم سنوورە". گوتیشی، بەشی زۆری رێگەوبانەکانی ئەو سنوورە تەواونەکراون کە کێشەی زۆریان بۆ خەڵک و ئەوانیش دروستکردووە.
 
لە 82مین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی میوانداریی هەریەکە لە بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی و بەڕێوەبەری رێگەوبانی کەلار کرا. لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕگە تاوتوێکران کە بڕگەی یەکەم تەواونەکردنی دووسایدی کەلار - دەربەندیخان بوو بە تایبەت ئەو بەشەی کە لەنێوان باوەنوور دەربەندیخانە، هەروەها لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سایدی دووەمی رێگەی نێوان دەربەندیخان و زەڕایەن کرا.
 
"ئەو دابەشکارییە 53٪ بە 47٪ـە زیانی زۆری لە پڕۆژەکانی سلێمانی داوە"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوە کرد، سەرەتای ئەم مانگە لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی پارێزگای بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی تەواونەکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی راسپاردووە و بەگوتەی خۆی، لە ماوەی سێ رۆژدا لیژنەکە توانییان راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن و بەپێی راپۆرتەکەی ئەوان، هۆکاری تەواونەکردنی رێگەکە خەرجنەکردنی پێشینەکانە لە کاتی خۆیدا.
 
بەگوتەی ئازاد محەممەد، پێشینەکان لە کاتی خۆیدا بۆ کۆمپانیاکان خەرج نەکراون، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی تەواونەکردنی رێگەوبانەکەیە، "بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جێگرەکەی و  وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە ئەو دابەشکارییەی لە نێوان پارێزگاکان کراوە 57٪ بە 43٪ هەڵبوەشێننەوە، چونکە ئەوە زیانێکی زۆری لە پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی داوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە کە ئێستا "داهاتی سلێمانی کەمی کردووە"، بۆیە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران چاو بەو دابەشکارییە بخشێنێتەوە، چونکە داهاتی سلێمانی بەشی پڕۆژەکان ناکات و زۆر جار بەهۆی کەمیی داهاتی پارێزگاکەوە، مووچەش لە سنوورەکە دوادەکەوێت.
 
لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا، ئازاد محەممەد گوتی، "داوا دەکەین چارەسەری دابینکردنی پێشینەی پڕۆژەکانی سنوورەکە بکرێت بەتایبەت پڕۆژەی رێگەوبان، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت، قوربانییەکی زۆر لە رێگەوبانەکاندا دەکەونەوە بەتایبەت کە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین. هیوادارین حکومەت چارەسەرێکی ئەو دۆخە بکات."
 
"خەرجیی پڕۆژەکانی سلێمانی لەسەر ئەرکی پارێزگاکە نەبێت"
 
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوایکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجیی پڕۆژەکانی سنووری سلێمانی لەسەر ئەرکی پارێزگای سلێمانی نەهێڵێت و راستەوخۆ خەرجیی پڕۆژەکان بخرێتەسەر داهاتی نەوت یان بودجەی سیادی لە ئەنجوومەنی سیادیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
هەفتانە پێشینەیەک بۆ تەواوکردنی رێگەی دەربەندیخان - سلێمانی تەرخان دەکرێت، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە کە "ئەو بڕە زۆر کەمە" و داوای کرد کە مانگانە لانیکەم چوار ملیار دیناری بۆ تەرخان بکرێت.
 
بەگوتەی ئازاد محەممەد، بەشی زۆری ئەو پڕۆژانە کۆنن و هیچ نووسراوێک لەبەردەستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا نییە کە بیسەلمێنێت دەبێ خەرجیی پڕۆژەکان لەسەر ئەرکی ئەو پارێزگایە بێت، بۆیە داوای کرد حکومەت راستەوخۆ خەرجیی پڕۆژەکان لە ئەستۆ بگرێت.
 
"تونێلی دەربەندیخان مەترسیی رووخانی لەسەر نییە"
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی لە کۆنفرانسەر رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، تونێلی دەربەندیخان لەمڕۆوە کاری بۆیاخکردن و کارەبای تێدا دەکرێت و لیژنەیەکی تایبەتمەندی نۆژەنکردنەوە لە بەغداوە چوونەتە ئەوێ و لە هەفتەی داهاتوودا زۆرینەی کارەکانی تەواو دەبن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی کە ئەوان سەرپەرشتیی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە دەکەن، مەترسیی داڕووخان لەسەر تونێلی دەربەندیخان نییە، بەڵام بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە چەند جارێک کەوتووەتەوە، زیان بە رووپۆشی دەرەوەی تونێلەکە کەوتووە و لە چەند شوێنێکیشەوە ئاو دەچێتە ژوورەوە، بۆیە چارەسەری ئەوە دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.