ئاوی گۆلی زرێبار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کاریگەرییەکانی کەمئاوی لەسەر دەریاچەی زرێبار لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتووە رووبەری ئاوی زرێبار تەنیا لە 5 مانگدا هەزار و 300 هێکتار کەمی کردووە، گەشتیارێک لەسەر زەویەکی وشکی شەقبردوو وەستاوە دەڵێت: پێشتر راوی ماسییمان دەکرد.
ئاوی زرێبار لە 50 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 19 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە، جگە لە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی هەڵکەندنی سەدان بیر بۆ کشتوکاڵ لە دەوروبەری زرێبار کاریگەرییان لەسەر سەرچاوەی کانیاوەکانی هەبووە.
بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، رووبەری ئاوی زرێبار تەنیا لە 5 مانگدا هەزار و 300 هێکتار کەمی کردووە، ئەگەر پێشتر لە باردۆخی زێڕینیدا زرێبار 50 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەبووبێت، ئێستا نزیکەی 19 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە.
تایبەتمەندیی زرێبار ئەوەیە کە ئاوەکەی لە بن خۆیەوە هەڵدەقوڵێت، بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا ئێستا ئەم کانیاوانە کوێربوونەتەوە و جگە لەوە گۆڕانکاری کەشوهەوا و وشکەساڵییەکانیش کاریگەرییان لە کەمبوونەوەی ئاوەکەیدا هەیە.
گۆلی زرێبار قوربانییەکی دیکەی پەرەپێدانی ناهاوسەنگی کشتوکاڵ لە دەوروبەری دەریاچەکە و خراپ ئیدارەدان لە بەکارهێنانی ئاو دایە. هەڵکەندنی سەدان بیر بۆ کشتوکاڵ لە دەوروبەری زرێبار و پەرەپێدانی باخداری و کشتوکاڵ، هەم ئاوی دەریاچەکەیان هەڵدەمژن و هەمیش کاریگەرییان لەسەر سەرچاوەی کانیاوەکانی زرێبار هەبووە.
گۆلی زرێبار ئەگەر پەرەی پێبدرێت دەتوانێت لە چوار لای ئێرانەوە گەشتیار بۆ خۆی رابکێشێت، بەمەش بە رەخسانی هەلیکاری زۆر، قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی کۆرۆنا و گۆڕانی کەشوهەوا بە خەڵکی مەریوان گەیشتووە.