رووداو - کەرکووک
عەقید کاکەدین محەممەد لە لیوای سێی هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دوای چوونی بۆ دەنگدان و لە رێگەی گەڕانەوە خۆی و پێشمەرگەیەکی دیکە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا، دوای برینداربوونی بە سەختی لەو رووداوە، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی 8ی ئۆکتۆبەر لە شوێنی رووداوەکە، رێبین قادر ئەو پێشمەرگەیەی کە پاسەوانی بوو، گیانی لەدەستدا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ 12ی ئۆکتۆبەر عەقید کاکەدینیش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
فریاد محەممەد، ئامۆزای عەقید کاکەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی دوو رۆژە عەقید کاکەدین لەژێر چاودێریی چڕی تەندروستیدایە، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاریی کەرکووک بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا".
ئامۆزاکەی ئەو عەقیدە ئاماژەی بەوەش کرد، "کەسوکارەکەی لە ناحیەی دارەتووی هەولێرن، بۆیە تەرمەکەی گەڕێندرایەوە و هەر لە هەولێر بەخاکسپێردرا".
عەقید کاکەدین ئەفسەری لیوای 3ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، دەوامیان لە نزیک خانەقین بوو، رۆژی 8ی ئۆکتۆبەر بۆ دەنگدان گەڕانەوە شوێنی دەوامیان، لە کاتی هاتنەوەیان لەنێوان خورماتوو و کەرکووک لەگەڵ پاسەوانێکی تووشی رووداوی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕان بوون و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ