رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دانپێدانانی نەوزاد بەختیار، کە یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکەیە، نارین دوای ئەوەی بە پەیوەندیی سۆزداریی نێوان سالم گورانی مامی لەگەڵ دایکی و ئامۆژنی زانیوە، لەلایەن یەکێک لەو ژنانەوە کوژراوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی نارین گورانی تەمەن هەشت ساڵ.
بەگوێرەی دوایین دانپێدانی نەوزاد بەختیار؛ ئەو کەسەی ویستوویەتی تەرمی نارین لەنێو ببات و بیشارێتەوە، سالم گوران (مامی نارین) پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ دوو لە براژنەکانی؛ یوکسەل گوران (دایکی نارین) و ماشاڵڵا گوران (ئامۆژنی نارین) هەبووە.
ماشاڵڵا گوران تەمەنی 40 ساڵە و هاوژینەکەی تەمەنی 70 ساڵە. نەوزاد بەختیار دەڵێت، تەواوی گوندەکە بە بوونی پەیوەندییەکە دەزانن، بەڵام هیچ کەسێک ئامادە نییە لای پۆلیس باسی ئەمە بکات.
نەوزاد بەختیار دەڵێت: "سالم تەرمی نارینی زۆر بە شپرزەیی و کتوپڕییەوە بۆ هێنام. ئەو نەعلی لەپێدا بوو کە ئەمە پێشانی دەدات، نارین دوای بینینی سالم و یەکێک لەو ژنانە لە پەیوەندیی سێکسیدا، راستەوخۆ و بەر لەوەی بگاتەوە ماڵەوە، کوژراوە. من نارینم نەکوشتووە، بەڵام ترسی زۆرم لەوە هەبوو کە جەندرمە دەستگیرم بکەن. من تەرمەکەم لە سالم وەرگرت و فڕێمدایە نێو رووبارەکە".
نەوزاد بەختیار هەروەها گوتوویەتی: "نارین، سالم گوران و یەکێک لەو ژنانە لەکاتی ژوان بە شێوازێکی ناڕێک دەبینێت و بەو پەیوەندییە دەزانێت. نارین لەلایەن دایکی یان ئامۆژنییەوە کوژراوە".
نەوزاد بەختیار: سالم 200 هەزار لیرەی پێدام
لەکاتی دانپێدانانیدا نەوزاد بەختیار ئاماژەی بەوە کردووە، بەرامبەر ناشتن و بێسەروشوێنکردنی تەرمی نارین، سالم گوران بڕی 200 هەزار لیرەی پێداوە کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار و 800 دۆلار.
نەوزاد بەختیار دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، لەلایەن یەکەمین دادگەی ئێشکگری سوڵحی ئامەدەوە زیندانی کرا.
نارین گوران رۆژی 21-8-2024 بێسەروشوێن بوو و رۆژی 8-9-2024 هەر لە گوندی تاشڤانتەپە، تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا دۆزرایەوە.
رۆژی 27-8-2024 یوکسەل گوران، دایکی نارین لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "خۆزگە دەمانزانی کێیە، یەخەیم دەگرت، بەڵام گومانم لە هیچ کەسێک نییە. نارین کچێکی ژیرە و ئەگەر کەسێک ناسیاو نەبێت، ناچێتە نێو ئۆتۆمبیلی هیچ کەسێک".
یوکسەل گوران هەروەها لە بەرنامەکەدا رووی دەمی لەو کەسە کرد کە کچەکەی رفاندووە و داوایکرد نارین بگەڕێنێتەوە.
لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتە لە گومانلێکراوان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ