وەزیری دادی تورکیا: بکوژ و تاوانبارانی دۆسیەی نارین بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن

12-09-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بکوژ و تاوانبارانی دۆسیەی نارین گوران بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن. داواش لە رای گشتی دەکات خۆیان لە زانیاریی نادروست لەبارەی دۆسیەکە بەدوور بگرن.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی چوارشەممە 11-9-2024 لە ئامەدی باکووری کوردستان بەرێوەچوو، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا باسی لە دۆسیەی کوژرانی نارین گوران؛ کچە تەمەن هەشت ساڵانەکەی ئامەد کرد.
 
هەریەک لە یڵماز تونچ، وەزیری داد، عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆ و ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا چوونە سەر گۆڕی نارین گوران، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە کوژراوی دۆزرایەوە. لەدوای سەردانەکە وەزیرەکان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانە دەکرێت کە دەستیان چووەتە ئەو گیانە بێ تاوانە. بە قورسترین شێوە سزای ئەو دڕندەییە دەدەن کە کردوویانە، با هیچ کەسێک گومانی لەمە نەبێت. نە ئەوانەی نارینیان کوشت، نە ئەوانەش کە دەیانەوێت داهاتوومان تاریک بکەن، لەم خاکەدا جێگەیان نابێتەوە."
 
نارین گوران، دانیشتووی ئامەد رۆژی 21-8-2024ــەوە بێسەروشوێن بوو، رۆژی 8-9-2024 هەر لە ئامەد تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا دۆزرایەوە.
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی نارین گوران. لێپرسینەوە لەگەڵ 24 گومانلێکراو بەردەوامە کە هەریەک لە دایکی، باوکی، دوو برای، چوار مامی نارین لە نێو ئەو کەسانەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".