سکرتێری پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن: پزیشکیان ویستێکی روون و ئاشکرای هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن دەڵێت، سەردانەکەی پزیشکیان کاریگەریی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت. میری کوردانی ئێزدیش دەڵێت: نزیکەی 50 کەسایەتی و نوێنەری پێکهاتەکان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەتەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشیکرد، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، ''سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێریش لەگەڵ بەغدا. من پێموایە دوای ئەو سەردانە ئاسۆیەکی روونمان لەپێشە.''
 
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدارێکی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

 

 
بەگوتەی رۆمیۆ هەکاری، نێچیرڤان بارزانی و پزیشکیان باسیان لەوە کردووە کە ''کۆمەڵە گرفتێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەن، بە ئومێدی ئەوەی سەردانەکە ببێتە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی گرفتە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.''
 
وەک سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن گوتی، لەلایەن پزیشکیانەوە، ویستێکی روون و ئاشکرا هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ''من پێموایە بەهۆی ئەوەی تازە بووەتە سەرۆکۆماری ئێران، بۆ ئەویش و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باشە لەسەر دەستی پزیشکیان، دەست بە چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت.''
 
ئێران لە رووی دانیشتووانەوە، پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جیاواز لەخۆدەگرێت، رۆمیۆ هەکاری ئاماژەی بەوە کرد، ''پێموایە ئەوانیش هەست بەوە دەکەن کە دەبێ پێکهاتەکان بە مافی خۆیان بگەن، دەبێ دەسەڵات بیر لەوە بکاتەوە کە پاڵپشتیی پێکهاتەکان بکرێت بۆ ئەوەی داهاتوویەکی دیاری یاسایی و دەستووری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆخۆیان دابین بکەن.''
 
لەبارەی کۆکردنەوەی نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن دەڵێت، ''زۆر سوپاسی دەکەم، دیارە هەمووکات بەڕێزیان دەستپێشخەر بووە و ماڵی کاک نێچیرڤان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان وەکو ماڵی هەمووان بووە.''
 

گوتیشی، هەر کات گرفت و لێکتێنەگەیشتنی سیاسی هەبووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاشتیان بکاتەوە، ئەو کۆبوونەوەیەش هەر بەو شێوەیە بوو، وێنەیەکی تەواوی پێکهاتەی هەرێمی کوردستان نیشانی سەرۆککۆماری ئێران درا.''
 
مەسعود پزیشکیان کە بە سەردانێکی سێ رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە پێشوازی لێکرا. دواتر لەگەڵ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیداری پزیشکیان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانیش، باس لە بایەخ و گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و دەوڵەمەندیی کۆمەڵگە فرەئایین و فرەنەتەوەکان کراوە.
 
هاوکات، حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لەبارەی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: ''کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، نزیکەی 50 کەسایەتیی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران کرا.''
 
 
حازم تەحسین بەگ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کراوە، دەشڵێت، ''سەرۆککۆماری ئێران گوتی حەز بە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.''
 
بەگوتەی میری کوردانی ئێزدی، کۆبوونەوەکە کاژێرێکی خایاندووە و ئەنجامەکەی دەرخەری ئەوە بووە کە ''رۆژبەڕۆژ'' پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باشتر دەبن.