لە پێشانگەیەکی بەردەڕەش ئۆتۆمبێل بە کەمتر لە نرخی مۆبایل دەفرۆشرێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە رۆڤیا.
پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە رۆڤیا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ناحیەی رۆڤیەی سەر بە قەزای بەردەڕەش پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل هەیە، ئەو ئۆتۆمبێلانە دەفرۆشێت کە نرخیان هەرزانە و گرانترینیان ناگەنە پێنج هەزار دۆلار. 
 
بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە نرخیان لەژێر هەزار و 600 دۆلاردایە، کە ئەوەش نرخی نوێترین مۆبایلی ئەپڵ -  ئایفۆن 16 یە. 
 
لەو پێشانگەیە دا بە بەهای 500 دۆلار تا سێ هەزار دۆلار ئۆتۆمبێل دەستدەکەوێت. بەهۆی هەرزانییەوە، بازاڕەکەی گەرم و قەرەباڵخە. کڕیار لە سەرانسەری عێراق بەلای خۆیدا رادەکێشێت. هەر کەسێک رووی تێبکات، رەمەزان نایەڵێت بە دەست بەتاڵی بگەڕێتەوە. 10 ئۆتۆمبێل ریزکراون، بەهاکەیان لە ژێر 10 هەزار دۆلاردایە.
 
رەمەزان محەممەد، خاوەن پێشانگەکەیە و دەڵێت: "نرخیان هەرزانە، بازاڕ نییە و خەڵک هەژارە، پارە نییە بە پارەی تەبع (دینار) دەدەین ئێمە کەس ناگەڕێنینەوە ئەگەر هەر هیچی لا نەبێت. ئۆتۆمبێلێکم بە هەشت وەرەقە دایە یەکشەممە وەکالەی بۆ دەکەم هەموویشی بەڵگەنامەیان لەگەڵدایە. ئەمەش باج سلێمانییە و بایی حەفت وەرەقەیە. ئەگەر ب جوملە ببەن، سێ سێ یان چوار چوار یارمەتییان دەدەین. ئێمە لەبەر هەژار ئەم کارە دەکەین. تاوەکو ببن بە خاوەن ئۆتۆمبێل و وەک خەڵکی دیکە هاتووچۆ بکەن. ئۆتۆمبێلەکان لە خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆمان دێن و بۆ هەموو شوێنێکیش دەڕۆن." 
 
ئۆتۆمبێلەکان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کۆکراونەتەوە. مۆدێلیان کۆنە، بەڵام ساڵیانە و بەڵگەنامەی پێویستیان لەگەڵدایە. کێشەی هاتووچۆیان لەنێو شارەکاندا بۆ دروست نابێت. 
 
وەلید گۆران، کڕیارە و دەڵێت: "ئەو ئۆتۆمبێلەم بە پێنج وەرەقە و نیو کڕیوە. هەموو بەڵگەنامەیەکی لەگەڵدایە، بەو مەرجەی خاوەنەکەیشی لە دهۆکە. هەموو پێبژاردنەکانیشی دراوە، ئەوە کاخەزی خەرجییەکانییەتی، رەمەزان ئێرەی ئاوەدان کردووەتەوە."
 
سەردار حوسێن، فرۆشیارە و دەڵێت: "دەبێت بەڵگەنامەیەکی لەگەڵ بێت؛ چ ساڵیانە بێت چ باج بێت یان لۆگۆ، ئەگەر نا ئۆتۆمبێل نایەتە نێو پێشانگەکە." 
 
رۆژانە پێنج تا 20 گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەو پێشانگەیە تۆمار دەکرێن. مەرجە ئۆتۆمبێل لەسەر ناوی کەسێک بێت و خاوەنەکەیشی دیار بێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە