فەوزی هەریری: لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێراندا دڵنیایی دراوە ''بە هیچ شێوەیەک'' هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. گوتیشی: ''ئێرانییەکان زۆر سوپاسگوزارن بۆ تووندکردنی سنوورەکانی نێوانمان''.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان قسەی بۆ هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، بەرپرسانی هەرێمـی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران تاوتوێی بابەتە ئابوورییەکان، بابەتی ئەمنی، دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی سنوورەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
فەوزی هەریری گوتی: سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان پێشکێشی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن کرا، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە.
وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پزیشکیاندا، ''هەردوو لا بڕیاریان دا کە دۆستایەتیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کە دۆستایەتییەکی تایبەتمەندە، زیاتر دەوڵەمەند بکرێت و سوودی لیوەربگیرێت.''
بەگوتەی فەوزی هەریری، لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێراندا، ''دڵنیایی دراوە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان عێراق و ئێران هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە دژی هیچ یەک لە وڵاتانی دراوسێی و ئێمە ئاشتیخوازین و حەز دەکەین پەیوەندییەکانی کۆن و رابردووی خۆش بەردەوام بن.''
بڕیارە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. فەوزی هەریری لەبارەی دیاریکردنی کاتی بانگەشەی لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن و بەربژێران گوتی، ''ئێمە پابەندین بە هەر بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەر رۆژێک کە ئەوان دەستنیشانی بکەن پاڵپشتی لێ دەکەین.''
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ''پێویستە ماوەی بانگەشە لە 20 رۆژ کەمتر و لە یەک مانگیش زیاتر نەبێت، لەو بەینەدا کۆمیسیۆن وادەیەک بۆ دەستپێکردنی بانگەشە دیاری دەکات، هەر رۆژێک دەستنیشان بکەن، بێگومان هەرێمی کوردستان پابەندی دەبێت.''
دەقی قسەکانی فەوزی هەریری بۆ رووداو:
رووداو: کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیران چۆن بوو و لەسەر چی رێککەوتن؟
فەوزی هەریری: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دوولایەنە، پەیوەندیی دۆستانە کە ئێمە هەمانە. کۆبوونەوەکان بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەنابی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیرەکانی بەڕێزی کابینە بوو؛ بێگومان بابەتەکانی ئابووری، پەیوەندییە ئەمنییەکان و دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو سەقامگیرییەی کە ئێستا هەیە و پێویستە ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵمان، زیاتر سوودی لێوەربگرێت، باسکران.
لە هەمانکاتیشدا سوپاسگوزار بوون بە راستی، سەرۆککۆمار سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ ئەو خزمەتگوزارییەی کە پێشکێشی زیارەتکارانی ئێرانی کرا کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو کەربەلا و نەجەف دەچوون. هەردوو لا بڕیاریان دا کە ئەو دۆستایەتییەی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە و دۆستایەتییەکی تایبەتمەندە، پێویستە زیاتر دەوڵەمەند بکرێتەوە و سوودی لێوەربگیرێت و رێز لە خواستی هەردوو نەتەوە بگیرێت. دڵنیاییش دراوە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان عێراق و ئێران هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک نابێتە بنکەیەکی هەڕەشە دژی هیچ یەک لە وڵاتانی دراوسێی خۆی، ئێمە ئاشتیخوازین و حەز دەکەین پەیوەندییەکانی کۆن و خۆشی رابردوو بەردەوام بێت.
رووداو: سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان هیچ رێککەوتنێکی واژۆ کردووە؟
فەوزی هەریری: یەک رێککەوتنی ئەمنی هەیە، کە لە نێوان عێراق و ئێرانە و هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە لایەنی عێراقی، بۆیە هیچ شتێک لەوە زیاد نەکراوە و ئێمە بەردەوامین و تاوەکو ئێستا ئێرانییەکان زۆر سوپاسگوزار بوونە لەو هەنگاوانەی کە لە هەرێمی کوردستان نراون بۆ سەقامگیریی سنوورەکان.
رووداو: لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەگوترا کە بنکە هەواڵگرییەکانی هەندێک وڵات لە هەرێمی کوردستان هەن، چی دڵنیاییەک دراوە بە ئێران کە هیج شتێکی لەو جۆرە نییە؟
فەوزی هەریری: ئێمە پێویست ناکات دڵنیایی بدەین، چونکە دەزانن هیچ بنکەیەکی بەمجۆرە نییە، بەڵام لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی باس لەوە کراوە کە هەر کاتێک ئەوان هەست بە ناڕاحەتییەک بکەن، ئاگاداری پێشوەختەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە لیژنەیەک دابمەزرێنن کە ئەو بابەتە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت، بەر لەوەی کە بڕیاری خراپی لەسەر بدرێت، بۆیە ئێمە دڵنیاین کە ئەوەی لە رابردوو روویدا، زۆر دەگمەنە ئەگەر جارێکی دیکە رووبداتەوە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بەردەوام و سەرکەوتوو بێت.
رووداو: سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکرێت کە هەوڵێک هەیە ماوەی بانگەشەکردن هەندێک دوابخرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ئارام بەڕێوەبچێت، هیچ شتێکی لەو شێوەیە بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتراوە؟
فەوزی هەریری: ئێمە پابەندین بە هەر بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەر رۆژێک کە ئەوان دەستنیشانی بکەن بۆ دەستپێکردنی وادەی هەڵبژاردن پاڵپشتی لەوە دەکەین، ئەمە بڕیارێکی کۆمیسیۆنە.
رووداو: داوا کراوە کە ماوەکە کورت بکرێتەوە؟
فەوزی هەریری: نەخێر، خۆی پێویستە وادەکە لە 20 رۆژ کەمتر نەبێت و لە یەک مانگیش زیاتر نەبێت لەو ماوەیەدا کۆمیسیۆن بە لێکدانەوەی خۆیان بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن، هەر رۆژێک دەستنیشان بکەن بێگومان هەرێمی کوردستان پابەندی دەبێت.