سەردانێکی مێژوویی؛ پزیشکیان وەکو یەکەم سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پاسەوانانی شەرەف بۆ رووداوێکی مێژووییی ریزیان بەست، دەیان سەرۆک و سەرکردە بەسەر ئەو فەرشە سوورەدا تێپەڕیون، بەڵام میوانی ئەمجارە جیاواز بوو.
کاژێر 08:15ـی بەیانی مەسعود پزیشکیان گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە قاتێکی رەش و روویەکی شاد بە گرجوگۆڵییەوە لە فڕۆکەکەی هاتە خوارەوە تەوقەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و باوەشێکی دۆستانەیان بەیەکدیدا کرد.
دوای پێکناساندنی شاندی هەردوو لا دوو منداڵ بە چەپکە گوڵ و بە کوردی بەخێرهاتنیان کرد.
لە نێو هۆڵی فڕۆکەخانە وێنەی مەلا مستەفای بارزانی سەرنجی پزیشکیان رادەکێشێ، لە چەند چرکەیەک نیو سەدە خەبات و رابردووی دێتەو یاد و بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەدات.
لە دوای فڕۆکەخانە نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان بە یەک ئۆتۆمبێل چوونە ئۆفیسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لەوێوە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی شاندەکەی ئێران لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: "دەبێت ئێمە لەو کاتەی کە ئاشتی و سەقامگیری هەیە. هەوڵبدەین بە گوێرەی پێویست سوود لەو مێژوویە وەربگرین. لە رووی کولتووری، ئابووری، سیاسی و ئەمنی ئێمە دەتوانین یارمەتی یەکدی بدەین و زەمینە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بڕەخسێنین."
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمەوێ بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم، حکومەت و بەرپرسانی هەرێم و هەموو رێبەرە ئایینییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە. خۆشحاڵین کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی کوردستانیشی کرد؛ هەرچۆنێک بێت ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و کۆمەڵێک هاوبەشیی زۆرمان لە بواری مێژوویی، کولتووری و زماندا هەیە".
هەر لە ئۆفیسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حیزبی و نوێنەرانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی هەولێر دەڵێت: "لەو هۆڵەدا زیاتر لە 60 کەسایەتیی جیاواز ئامادەبوون، وێنەیەکی هەرێمی کوردستانی پێشاندا کە پێکهاتەکانی کێن، هەروەها پێکەوە ژیان و گرنگیی پاراستنی ئەو پێکەوە ژیانەی پیشاندا.هەموومان دەزانین کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی رۆهەڵاتی نێوەڕاستە، توانی لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین قەیران تێپەڕێنێت. ژینگەیەکی پارێزراوی دروستکرد نەک تەنیا بۆ ئێمە کریستیانەکان، گرنگ بوو کە ئەو میوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوە ببینێت کە پێکهاتەکان کێن، هەرچەندە ئەو دەیزانێ بەڵام بەچاو بیبینێت پەیامەکە ئەوە بوو کە پارێزگاری لەو پێکەوە ژیانە بکرێت و بەردەوامبێت."
کاژێر 1:00ـی دوا نیوەڕۆ، پزیشکیان لە هەولێری پایتەختەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر ئارامگەی مام جەلال تاڵەبانی، کوردستانی بەرەو عێراق جێهێشت. جێگرانی سەرۆککۆمار بۆ کاروباری سیاسی و جێبەجێکردن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، وەزیرانی دەرەوە، ئابووری و رێگاوبان و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران یاروەری پزیشکیانیان دەکرد لەم سەردانەدا.