هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی تەممووز پێویستی بە 815 ملیار دینارە

12-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ دەبێت زیاتر لە 815 ملیار دینار بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بنێرێت، جگە لەوەش 54 ملیار دینارى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانی نەناردووە.
 
لە دوو هەفتەى داهاتوودا لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر پێکدەهێندرێت بۆ یەکلاکردنەوەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان.   
 
بەپێى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستى کەوتوون، بۆ هەردوو مانگى تەممووز و ئاب وەزارەتى دارایی عێراق یەک تریلیۆن و 181 ملیار دینارى بە ناوى مووچەى مانگى ئاب و بەشێک لە مووچەى تەممووز بۆ  هەرێمى کوردستان ناردووە.
 
لە دواى دابەشکردنى مووچەى مانگى تەممووز لەو پارەیە بە هاوتاکراوى، 183 ملیار دینارى  لێ ماوەتەوە، 10ى ئەیلوول ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا جگە لە مووچەى مانگى تەممووز، ئەو مووچانەش رەوانە بکات کە پێشتر نەیناردووە.
  
مووچەى مانگێک بە هاوتاکراوى زیاتر لە 998 ملیار دینارە، بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگێک دەبێت بەغدا 815 ملیار دینارى دیکە بنێرێت. 
 
هەفتەى رابردوو شاندێکى حکومەتى فیدراڵ کە پێکهێنەرى ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق بوون، سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کرد لە بارەى ئەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە کێشە بازرگانی و داراییەکانى نێوانیان.
 
یەکێک لەو کێشانەى کە لەو کۆبوونەوانەدا باسکراوە، پرسی هاوتاکردنى مووچە بووە، بڕیارە لە یەک بۆ دوو هەفتەى داهاتوودا لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوانیان پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان لە نێوان هەردوولادا.
 
یەکێک لەو پرسانەى کە ئەو لیژنەیە دەبێت یەکلایی بکاتەوە چۆنێتى هاوتاکردنەکە، تەمەنى خانەنشینى، شێوازى لێ بڕینى  خانەنشینییە لە مووچەى فەرمانبەران.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بڕى 10%ى لە مووچە بڕیوە، وەک جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینى عێراق و هاوتاکردنى لەگەڵ مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا پێشتر 7%ى مووچە دەبڕدرا.
 
لە مانگەکانى رابردوودا تێکڕاى پارەى مووچەى فەرمانبەران بەبێ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان دەگەیشتە 956 ملیار دینار، کە 123 ملیار دینارى بۆ خانەنشینى سەربازى و ئەمنى بووە کە ئەو لێبڕینە نایگرێتەوە، بەو پێیە بەغدا بۆ ئەم مانگە 3% زیاتر لە مووچەى فەرمانبەران جگە لە خانەنشینانی بڕیوە و 24 ملیار و 990 ملیۆن دینار کەمترى ناردووە بەهۆى ئەو لێبڕینەوە.
 
سەرچاوەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: جگە لەو 3%ى بڕدراوە، بەغدا پارەى زیادەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى نەناردووە کە زیاتر لە 54 ملیار دینارە، ئەگەرچى لێبڕینەکەى بەگوێرەى یاسای خانەنشینى عێراق کردووە بە 10%،  کورتهێنانی مووچەى خانەنشینان بە هاوتاکراوى لە داهاتى ناوخۆ پڕ کراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەیان

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست: دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان دابەش بکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''