رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئێران و عێراق بە سەرۆکایەتی هەردوو سەرۆکۆماری عێراق و ئێران، گفتوگۆی ئەوە کراوە عێراق هەوڵدەدات بۆ لادانی بەشێک لە سزاکانی ئێران لە دۆسیەی پارەی گازی سرووشتی.
ئێران نزیکەی 11 ملیار دۆلار پارەی فرۆشتنی گازی سروشتی و وزەی کارەبای لای عێراقە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا عێراق ناتوانێت پارەکە بنێرێت بۆ ئێران.
ئەمە یەکێک بوو لە مژارەکانی ئەمڕۆ (12/9/2024)ی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، هاوکات ساتی گەیشتنی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەولێر.
سپێدەی ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەک لە جێگرەکانی و کۆمەڵێک وەزیر پێشوازی لێکرا.
سەردانی ئەمڕۆی پزیشکیان بۆ هەولێر رۆژێک دوای سەردانی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا کە رۆژ و شەوێکی خایاند.
محەممەد حاجی مەحموود: پزیشک خەڵک ناکوژێت
رۆژی هیوا جەمال، ئەمڕۆ رووداوەکەی بە زیندوو گواستەوە، هاوکات لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی کرد.
هیوا جەمال پرسیاری کرد، هەستت چۆنە، دوای بەسەربردنی بەشێکی زۆری ژیان لە پێشمەرگایەتی و دەربەدەریی ئێستا سەرۆکی دوو وڵات دەبینیت لە هەرێمی کوردستان کە هەردوو سەرۆکەکە بە کوردی قسە دەکەن. لەوبارەیەوە گوتی: "هەر لەسەرەتاوە بە ئومێدێکی زۆرەوە دەستمان بە خەبات کردووە، ئێمە بڕوامان وابوو کە سەردەکەوین. ئەوەی ئێستا دەیبینین سەلماندنی ئەوەیە کورد دەتوانێت وڵاتان بەڕێوەبەرێت."
لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەلی گفتوگۆی لەگەڵ پزیشکیان بۆ بڕەخسێت گوتی پێیدەڵێم: "تۆ پیشەت پزیشکە، پزیشک خەڵک ناکوژێت خەڵک چاک دەکاتەوە".
محەممەد حاجی مەحموود لە بەرنامەکەدا باسی ئەوەیکرد پێویستە ئێران کۆمپانیای زیاتری بازرگانی بنێرێتە هەرێمی کوردستان، چونکە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی کۆمپانیای زیاتریان هەن.
سەرۆکی پارتی سۆسیالت دیموکراتی کوردستان لە رۆژی هیوا جەمال باسی ئەجێندای خۆی کرد لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشکیان و گوتی باسی ئەوە دەکەم دەبێت پلانمان بۆ ئایندە چی بێت.
گفتوگۆیەک چل خولەک کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی کۆمار و پزیشکیان درێژدەکاتەوە
رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوونی کرد بۆ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و سەرۆکی کۆماری ئێران و شاندەکەی، ئەوەی زانیوە گفتووگۆیەکی د. فوئاد حوسێن و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران 40 خولەک کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی کۆماری درێژکردووەتەوە.
پاش کۆبوونەوەیەکی نیوکاژێریی دووقۆڵیی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، تیمی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و تیمی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوەی فراوانیان کردووە.
کۆبوونەوەکە بەهۆی گفتوگۆیەکی نێوان د. فوئاد حوسێن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری و محەمەد رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران 40 خولەک لەکاتی خۆی زیاتر درێژبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی بابەتە گشتییەکان کراوە، لەنێویاندا باسی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران کراوە، بەتایبەت باسی پێنەدانی پارەی گازی سروشتی کراوە لەلایەن عێراقەوە بۆ ئێران، مەسعود پزیشکیان پێشنیازی کردووە هاوشێوەی ئێران و رووسیا، ئێران و عێراق دراوی هاوبەش دروست بکەن تاوەکو لە سزاکانی ئەمریکا رزگاریان بێت، لەتیف رەشید ئاماژەی بۆ د. فوئاد حوسین کردووە و گوتوویەتی ئەو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزارییە بۆ ئابووری با وەڵام بداتەوە.
د. فوئاد حوسێن گوتوویەتی ئێوە سزاتان لەسەرە ناتوانین پارەتان بۆ بنێرین، سەرۆکی بانکی ناوەندی گوتوویەتی دەتوانین بە وردی لەو بابەتە قسە بکەین، چارەسەر بدۆزینەوە تاوەکو لە سزاکانی ئەمریکا رزگارمان بێت، د. فوئاد حوسێن گوتوویەتی، ئەگەر ئێمە دراوی هاوبەش چاپبکەین سزاکان دەمانگرێتەوە، هەروەها بەهای دیناری عێراقی بەتەواوی نزمدەبێتەوە.
گفتوگۆکە لەنێوان د. فوئاد حوسێن و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران درێژبووەتەوە، لەکۆتایی د. فوئاد حوسین گوتوویەتی؛ لەو نزیکانە لە سەڵتەنەی عومان کۆبوونەوەیەکی ئابووری هەیە، ئێمە بەشدار دەبین، هەڵدەدەین رێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پارەی غازەکەتان بدەینێ و وابکەین ئەمریکا رازی بکەین، دواتریش لەداهاتوو سەردانی ئەمریکا دەکەین و لەگەڵ ئەمریکاییەکان قسە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لەو بەشە سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن.
هەر لەهەمان کۆبوونەوەدا پزیشکیان پێشنیازی کردووە کاری هاوبەش و پێکەوە بکەن، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات دروست بکرێت تاوەکو لە کۆمەڵێک سێکتەری جیاجیا هاوکاریی بکەن، بۆ نموونە سیکتەرەکانی پەروەرد و گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی نیشتیمانی.
دەقی نامەکانی عەلی خامنەیی بۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، دوو نامەی پێشکێش بە هەریەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری ئێرانەوە نووسراون.
نامەکان لەسەر کاخەزێکی ئارت و رەونەقدار بە رەنگی رەش و ئاڵتوونی نووسراون، بە گرافیک و نەخشەسازیی ئێرانیی نەخشێندراون، بە زمانی عەرەبی نووسراون.
هەردوو سوپاسنامەکەی عەلی خامنەی رێبەری ئێران، بۆ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمان نێوەڕۆک و دەقن.
لە کۆتایی سوپاسنامەکە مۆری تایبەت لەتەنیشت ناوەکەی خامنەیی هەیە ، بە عەرەبی نووسراوە عەلی ئەلحوسەینی ئەلخامنەئی، مانگی سەفەر 1446.
سوپاسنامەکە بەمشێوەیە دەستیپێکردووە؛ سەرەتا پێویستە لە ناخی دڵمەوە و بە نوێنەرایەتی گەلی شکۆمەندی ئێران سوپاستان بکەم.
دواتر لەبارەی هەوڵ و کۆششیان بۆ سەرخستنی رۆژەکانی چلەی ئیمام حوسێن و پیشوازییان لە زیارەتکاران سوپاسی ئەوان و بەرپرسانی عێراق و گەلی شکۆمەندی عێراقیی کردووە، هەروەها نووسیویەتی، زەمینە و کەشی گونجاوتان بۆ رەخساندوون.
لەبەشێکی دیکەی نامەکاندا هاتووە؛ ئەی برایانی شکۆداری عێراق، مەوکیبەکانی پێشوازیتان و مامەڵەی رێزدارانەتان لە زیارەتکارانی حوسین (ع) لە جیهانی ئەمڕۆماندا وێنەی نییە، هەروەکو چۆن چلە لە مێژوودا نموونەی نییە.
لەکۆتایی سوپاسنەمەکەدا، هاتووە؛ داواکارم لە خودا دڵەکان زیاتر ئاوەدان بکاتەوە، بازنەی ئەو خۆشەویستییە زیاتر فراوان بکات هەروەکو چۆن لە داستانی رووبەرووبوونەوەی غەززە هەیە و بگاتە زۆر لە کۆمەڵگە ناموسڵمانەکانی دیکە.
نووسینگەی ئەعرەجی: باسی ناردنی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بۆ وڵاتی سێێەم نەکراوە
بەشی پێداچوونەوەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، بەدواداچوونی بۆ لێدوانێکی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کرد، کە لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
هەندێ لە میدیای ئێران و میدیای عەرەبیی بڵاویانکردەوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاندووە، وڵاتەکەی 77 بارەگای ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دادەخات کە لەسەر سنووری هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستانن، هەروەها کاردەکەن بۆ ناردنی ئەندامانی ئەو لایەنانە بۆ وڵاتی سێیەم.
میدیا ئێرانی و عەرەبییەکان لە ناوەندی هەواڵی عێراقیی هەواڵەکەیان وەرگرتووە، هەروەها ئەوەشیان نووسیوە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، گوتوویەتی ئەندامانی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە 6 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون کۆدەکەنەوە، 4 لە هەولێر و 2 لە سلێمانی.
بەشی پێداچوونەوەی زانیارییەکان (فاکت چیکین)ی رۆژی هیوا جەمال، بەدوای سەرەداوی هەواڵەکە چووە. ئەو لێدوانە لە هیچ پلاتفۆرمێکی فەرمیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاونەکراوەتەوە.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، بەشی فاکت چیکینی رۆژی هیوا جەمال پەیوەندی بە نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کرد. پاش گفتوگۆ لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، نووسینگەکەی بە رۆژی هیوا جەمالیان راگەیاند؛ هەواڵەکە هیچ بنچینەیەکی نییە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی گوزارشتی لەوشێوەیەی نەبووە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ