وەزیری ئاوەدانکردنەوە: سەرۆککۆماری ئێران زۆر پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کە یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: گفتوگۆکان دڵخۆشیان کردم چونکە پەیوەندییەکانی هەردوولا دەچنە ئاستێکی بەرزتر.
 
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 2:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "رۆژێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە یەکەمجارە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی بکات، ئەم سەردانەش دەبێتە خاڵێکی وەچەرخان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا، من لە کۆبوونەوەکان بەشدار بووم و بەڕاستی گفتوگۆکان دڵخۆشیان کردم، چونکە هەست دەکرێت کە پەیوەندییەکان دەچنە ئاستێکی باڵاتر."
 
گوتیشی: "پێشتر ئێران گومانی هەبوو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژیان بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان ئێرانییەکانیان دڵنیاکردەوە کە هەرگیز رێگەنادرێت لێرەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست بکرێت. پزیشکیان بەڵێنیدا پەیوەندییەکانی هەردوولا پتەوتر بکات و ئێمەش ئەو خواستەمان تێدا بەدیکرد."
 
وەزیری ئاوەدانكردنەوە دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەکان باس لە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرا و لە هەردوولا خواست هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ سەروو 5 ملیار دۆلار بەرز بکرێتەوە، کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆر باشە و زیاتریش بەرەو پێشی دەبەین."
 
باسی لەوەش کرد، "هەستم بەوەکرد سەرۆککۆماری ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، چونکە چەندین جار ئەوەی دووبارە کردەوە کە حەزدەکەن پەیوەندییەکان پتەوتر بکەن."