شارەوانیی ئاکرێ: 5 هەزار پارچە زەویمان هەیە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، لە چوار ساڵی رابردوودا 21 پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنووری ئاکرێ جێبەجێ کردووە کە بەهاکەیان 15 ملیار دیناربووە. دەشڵیت: نزیکەی 5 هەزار پارچە زەویی ئاکرێ ئامادەیە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا بەشبکرێت.
 
بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆ رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات. باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرفتەکانی قەزای ئاکرێی کرد و رایگەیاند، فراوانکردنی سنووری شارەوانیی قەزاکەیان بۆ دوو هێندە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە 2014 گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوون، چونکە 22 گوند کەوتوونەتە سنووری شارەوانی و رووبەرەکەشیان لە 55 کیلۆمەترەوە بووەتە 113 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
 
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەکرد، پلانی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە لە قۆناخی یەکەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو گەڕەکانە دابینبکەن و دواتر بەگوێرەی بودجەی بەردەستیان خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت.
 
بڵند زێباری گوتیشی، لە چوار ساڵی رابردوودا 21 پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 15.5 ملیار دینار جێبەجێ کراون و دەکرێن، 14یان تەواوکراون و ئەو حەوت پرۆژەی کە ماون کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
 
لەبارەی گرفتی نەختینە بۆ پرۆژەکانیان، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ دەڵێت، پێشتر گرفتی نەختینە هەبوو، بەڵام ئەوە دوو سێ مانگە گرفتەکە چارەسەکراوە و پرۆژەی شەقامی 40 مەتری لە ئاکرێ، کۆمپانیای جێبەجێکار لە پرۆژەکە کشایەوە و ئێستا بە جێبەجێکردنی راستەوخۆ کاری تێدا دەکەین و سێ ملیار و 300 ملیۆنی پێویستە بۆ ئەوەی قیرتاو بکرێت، ئێستا 40٪ی تەواوکراوە.
 
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ، زۆرینەی ئەو پارەیەی بۆ ئاکرێ تەرخان دەکرێت لەلایەن شارەوانییەوە بۆ پرۆژەی ئاو خەرج دەکرێت کە تێچووەکەی زیاتر 117 ملیار دینارە، ئەمەش وایکردووە زۆرترین بودجەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەی ئاوی قەزاکە بێت.
 
لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان، ئاماژەی بەوەکرد، 90٪ی گەڕەکە زێدەڕۆییەکان لە ئاکرێ لەسەر موڵکەکانی وەزارەتی داراییە و پێویستی بە گواستنەوەی مافی خاوەندارێتییە بۆ شارەوانی و ئێستا یاسای تۆمارکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان لە 9ی ئەیلوولی 2024 وادەکەی تەواو دەبێت، داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە وادەکەی درێژبکرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئاداری 2024، بڕیاریدا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ دەڵێت،" نزیکەی 5 هەزار پارچە زەویمان هەیە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا، بەڵام پێویستی بە رێکاری کارگێڕییە بۆ گۆڕینی رەگەز و خاوەندارێتی زەوییەکان."
 
لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی قەزاکە، ئاماژەی بەوەکرد،" زبڵ و خاشاکی ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش لەلایەن کۆمپانیایەکەوە کۆ دەکرێتەوە، رۆژانە نزیکەی 200 تۆن لە سنووری هەر سێ قەزاکە کۆ دەکرێتەوە، هەروەها لەو گەڕەکانەی ئاکرێ کە شاخاوی و سەختن، کۆمپانیا بە گوێدرێژ زبڵەکانیان کۆ دەکاتەوە."