سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان: جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانمان لەگەڵ ئێران دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پزیشکیان خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا پێشان دا‌.
 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان يه‌كه‌م سه‌ردانى سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئيرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ "په‌يامێكى به‌هێزى دۆستايه‌تيى" نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م داوە.
 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، "به‌ڕێزيان [نێچیرڤان بارزانی] خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نيشان دا‌، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ رێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئێران له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت".

 

 
پزیشکیان کاژێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.
 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك پزیشكيان خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و وڵاته‌كه‌ى خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵياندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هه‌ردوولا ستايشى په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتووريدا كرد. پاشان به‌ڕێزان سه‌رۆكوه‌زيران و جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، باسيان له‌ ئاستى ئێستاى په‌يوه‌نديى ئابوورى و ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و چۆنيه‌تيى فراوانكردنيان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرد".
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان باس لەوە دەکات، له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد، "له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ رێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌".
 
 بەیانیی دوێنێ چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.