رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆران و ژمارەی وەزیفيیان بۆ وەزارەتی دارایي فیدڕاڵ بنێرێت. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، لیستەکە بنێردرێت دوو مووچە رەوانە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عیراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بە ناردنی لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی 8 و 9 پێکەوە دەنێرێت".
جەمال کۆچەر، گوتی، "ناردنی ئەو لیستە راستکراوەیە بە ژمارە وەزیفییەکانەوە؛ کێشەکان چارەسەر دەکات و وادەکات ئاستەنگەکانی رابردووی بەردەم ناردنی مووچە دووبارە نەبنەوە".
لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت".
رۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
ئەمڕۆ 12ـی ئەیلوولی 2024ـە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو و دوای زیاتر لە 55 رۆژ مووچەی مانگەی تەممووزییان وەرگرت.
مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق لەبری مووچەی مانگی 7، مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـی پێ دابەشکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ