نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە مەسعود پزیشکیان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.
 
پزیشکیان سەرلەبەیانی دوێنێ چوارشەممە گەیشتە بەغدا، وەکو یەکەم سەردانی فەرمی لە پاش دەستبەکاربوونی.
 
پزیشکیان ئەمڕۆ لە هەولێر چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکەوێت و دواتریش بڕیارە سەردانی سلێمانی بکات.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکەم کۆبوونەوەی پزیشکیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەشداری تێدا دەکات.
 
دووەم کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت. دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
هەر لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی شاری سلێمانیش دەکات.
 
محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی ئێوارەی چوارشەممە 11-09-2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا  رایگەیاند، پزیشکیان سبەی نیوەڕۆ دەگاتە شاری سلێمانی، سەردانی گڵکۆی مام جەلال دەکات و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.
 
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت: ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لە نێوان ئێران و مام جەلالدا (سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق) هەبوو، لەکاتی گەیشتنی، یەکەم وێستگەی سەرۆککۆمار گڵکۆی مام جەلال دەبێت''.
 
بەیانیی رۆژی چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
مەسعود پزیشکیان لە بەغدا بە زمانی کوردی وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی: "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مەسعود پزیشکیان گوتی: "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین."