هونەرمەند بەیتۆجان کۆچی دواییکرد

12-09-2023
هیدایەت جان
A+ A-
هیدایەت جان

بەیتۆ جان، هونەرمەندی کورد و خاوەن گۆرانیی "ئاگر کەتیە دلێ من" بەیانیی ئەمڕۆ لە سوێد بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، هونەرمەند ئارمانج، هاوڕێی نزیکی هونەرمەند بەیتۆجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 5:30 خولەک بە کاتی ستۆکهۆڵم (6:30 خولەک بە کاتی هەولێر) بەیتۆجان لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد." 
 
بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە بەیتۆجان لە ساڵی 1955 لە قەزای فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە و لە تەمەنی 8 ساڵییەوە خێزانەکەیان چوونەتە شاری ئامەد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
 
بەیتۆجان لەدوای کودەتای سەربازیی 12ـی ئەیلوولی ساڵی 1980 لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێت و سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئامەدەوە بەرەو ئەستەنبوڵ کۆچ دەکات.
 
بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی "ئاگر کەتیە دلێ من" و "دیاربەکر مالا من" ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی؛ "یان مرن، یان دیاربەکر"، "تە نادەن من"، "21ـی ئادار" و "ئەتونا دلێ من".
 
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی "یان مرن یان دیاربەکر" لە ساڵی 1990 بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە  سوێد نیشتەجێبوو، دوای 23 ساڵ و لە ساڵی 2014 سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
 
دوای چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەیتۆجان لە شاری ستۆکهۆڵم و دوور لە زێدی خۆی کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی 18ـی حوزەیرانی 2021 هونەرمەند بەیتۆجان لە دیاسپۆرا میوانی بەرنامەیەکی رووداو بوو و باسی لە ژیان و کاری هوونەری و نەهامەتییەکانی کرد. بەیتۆجان ئەوکات گوتی، دەمەوێت لەدوای نەخۆشی بچمە هەرێمی کوردستان و لەوێ بژیم چونکە "ئەوێ شوێنی منە". هەر ئەوکات بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گوتی، "دەبێت شەڕی براکوژیی کورد قەدەخە بکرێت."
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."