لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کەرکووک سەردانی شارەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداو و گرژییەکانی ئەمدواییەی کەرکووک کە شەهیدبوونی چوار هاونیشتمانی و برینداربوونی 16 کەسی دیکەی لێکەوتەوە، سەردانی کەرکووک دەکات و لەگەڵ پارێزگار، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و ژمارەیەک کەس و لایەنی دیکە کۆدەبێتەوە و دواتر راپۆرتێک دەداتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
رۆژی سێشەممە، 12-9-2023 سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانی لێژنەکەیان بۆ شاری کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەردانی کەرکووک دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو گرژی و رووداوانەی ئەمدواییە لە شاری کەرکووک روویاندا و بەهۆیانەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی شەهید و برینداربوون."
گوتیشی، "سەردانەکەمان بۆ لێکۆڵینەوە دەبێت لە هۆکارەکانی گرژییەکان و ئەو کەسانەی بەرپرسن لەو رووداوەکان و پێشینەکانی رووداوەکە، ئێمە لایەنە کەمتەرخەمەکان و هەموو وردەکارییەکان رووندەکەینەوە و دواتر بە راپۆرتێک رادەستی پەرلەمانی دەکەین."
جگە لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی و کارگێڕی کەرکووک، بڕیارە لیژنەکە کۆبوونەوەی دیکەشی هەبێت.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9ـی ئەیلوول، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق کرد، سەردانی کەرکووک بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان و ئامادەکردنی راپۆرتێک بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی 11-9-2023، لەبارەی شەهیدکردنی چوار هاونیشتمانی کورد و بریندارکردنی 16 کەس لە هاونیشتمانییانی کەرکووک، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە دەزگاکانی میدیای نێوخۆیی زانیاریی نوێی لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوە ئاشکراکرد و گوتی، "لیژنەی لێکۆڵینەوەی راسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون و بوونە هۆکاری تەقەکردن لەکارەکانی بەردەوامە، ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکراون، 28 کەسی دیکە هەن داواکراون لەوانەی کە لە وێنەکاندا دەرکەوتوون و زانیارییان لەسەر هەیە چەکیان هەڵگرتووە و هاندانیان کردووە، ئەوانە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و ئەنجامەکانی لێکۆلێنەوە رادەگەیێندرێت هەر لایەنێک بێت کە لە رشتنی خوێنی هاووڵاتیان لە کەرکووک تێوەگلابێت."
کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە دوو تەوەری پێکدێت، یەکێکیان تەوەری جێبەجێکردن و تەوەری دووەمیان یاسادانانە و لایەنەکان لەسەر رێککەوتوون، لە خاڵی 13ـی بەشی یەکەم واتە تەوەری جێبەجێکردن هاتووە: "سەرجەم حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەوانی دیکەش مافی سیاسیی و دەستوورییان هەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین کاربکەن، دەبێت بارەگای حیزبەکان کە ئەوانی دیکەی تێیدایە چۆڵ بکرێن."