خێرخوازان لە هەڵەبجە لەپاڵ مزگەوت، قوتابخانەش دروست دەکەن

13-09-2023
سازگار سەڵاح
دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە لە هەڵەبجە
دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە لە هەڵەبجە
نیشانەکردن هەڵەبجە قوتابخانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵەبجە، ئەو شارەی هەندێکجار بە شاری مزگەوتەکان ناودەبرێت و نزیکەی هەموو مزگەوتەکانیشی بە پارەی خێرخوازان دروستکراون، خێرخوازەکان لە پاڵ ماڵەکانی خوا، کەرتی پەروەردەشیان لەبیرنەکردووە.
 
بنەماڵەیەکی ناوداری شارەکە تائیستا شەش قوتابخانەیان لەسەر ئەرکی خۆیان دروستکردووە، تێچووی سەرجەمیان نزیکەی 10 ملیۆن دۆلارە.
 
قوتابخانەی ئەحمەد موختار جاف، دەکەوێتە ناوەندی شاری هەڵەبجە، جاران کاتێک زانکۆ لە هەڵەبجە نەبوو، لەبەر ناوبانگی زانستیی بە زانکۆکەی هەڵەبجە ناسرابوو. ئێستا دوای نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی ئەحمەد موختار جاف 27 پۆل، هۆڵی سیمینار، تاقیگە و باخچەیەکی فراوانی هەیە.
 
ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، کە باخچەیەکی ساوایانی لەبەرامبەرە، هەردووکیان لەسەر ئەرکی ئەو خێرخوازە دروستکراون، لەسەر هەمان شەقام ئەگەر کەمێک بڕۆیتە خوارەوە، قوتابخانەیەکی دیکە بە هەمان شێوە نۆژەنکراوەتەوە و هەموویان یەک سیمایان هەیە؛ خشتە سوورەکانیان بوونەتە هێمای بووژاندنەوەی بینای قوتابخانەکان.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە کە خاوەنەکەی ئاسۆ محەممەد بامۆکییە و خەڵکی شاری هەڵەبجەیە، بڕیاری داوە ئەم کاروانە بەردەوام بێت.
 
ياسين رەسوول، نوێنەری گرووپی کۆمپانياکانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت "هەڵەبجەی شەهيد و کوردستان بەگشتی، پێويستە لە بواری پەروەردە و فێرکردندا پەرەیان پێبدرێت. گۆڕانکاری لە بیری مۆرڤ لەڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە دەکرێت؛ يەکێک لە کێشەکان نەبوونی بينای مۆدێرن بووە لە رووی کوالێتيیەوە کە منداڵ و مامۆستاکان بتوانن تواناکانی خۆيان بەرجەستە بکەن لەبەرئەوە بنيادنانی ئەم خوێندنگانە بەردی بناخەیە."
 
مامۆستایەکی ئایینی دەڵێت لەپاڵ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان، دروستکردنی قوتابخانەش خێر و سەدەقەیە.
 
عەبدولدائيم، مامۆستای ئايینی لە هەڵەبجە سەبارەت بە دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە دەڵێ "ئەم پرۆژە خێرخوازییانە کە هەن و دەکرێن، وەک سەدەقەن و هەريەکەيان بەئەندازەی نييەتی پاکی خۆی پاداشت وەردەگرێت."
 
لە هەڵەبجە هێشتا کەمیی بینای قوتابخانە هەیە، قوتابخانەی سێ دەوامییش هەن، جگە لەوەی هەندێکیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
سۆران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە رووداوی گوت "لە سنووری پارێزگا لەنێو مەرکەزی قەزاکە ئێستا پێويستمان بە دوو بينای 18 پۆلی و دوو باخچەی منداڵانیش لەنێو هەڵەبجەدا هەيە، هەروەها لە سيروانيش پێويستمان بە قوتابخانەی 18 پۆلی هەيە، خورماڵيش دوو قوتابخانەی 18 پۆلی پێويستن و ئێستا سێ قوتابخانەی سێ دەواميمان هەن کە بەشێوەیەکی کاتی بەمشێوەیەیە."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە