رووداو دیجیتاڵ
ئەیوب ئازاد کە تەمەنی 27 ساڵ و باوکی دوو منداڵە، بەیانیی رۆژی سێشەممە گیانی لەدەستدا. باوک و برای ئەیووب بەکوڵ بۆی دەگرین و چاوەڕێن لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری گیانلەدەستدانەکەیان بۆ ئاشکرا بکات و دەڵێن، لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕاندا لە زاخۆ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا بووەتە شەڕیان و دوای ئەوە بە رۆژێک گیانی لەدەستداوە.
ئازاد زوبێر، باوکی ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستدا بە رووداوی گوت، "شەوی رابردوو پەیوەندی بە براکەی کرد و گوتی 'وەرە نەخۆشخانە و بمبەوە ماڵ'. دواتر هاتەوە ماڵ و گوتی 'لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕاندا شەڕ دروستبوو و بوکزێک بە سنگم کەوت و دەستی هاوڕێیەکم شکاوە و هاوڕێیەکی دیکەیشم سەری شکاوە'. نزیکەی کاژێر 3 من و دایکی سنگیمان شێلا، دواتر گوتی 'تووشی تەنگەنەفەسی بووم' بردیانە نەخۆشخانە و بەیانییەکەی گیانی لەدەستدا. دەمەوێ مافی کوڕەکەم ون نەبێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای دروستبوونی شەڕ لەنێو ئەو هۆڵەدا، هاونیشتمانییان بانگی پۆلیسیان کردووە و ئەیووبیش بۆ ئەوە چووە تاوەکو کۆنترۆڵی شەڕەکە بکات، بەڵام بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلدەستدانی ئەیووب روون نەبووەتەوە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە، بۆیە کەسوکارەکەی چاوەڕێی راپۆرتی پزیشیکی دادن.
ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، "لە نەخۆشخانە هەموو چارەسەرێکی پێویستی بۆکراوە و پزیشک رەوانەی ماڵی کردووەتەوە، چونکە دڵنیابووە کە هیچی لێ نەهاتووە. نزیک کاژێر 05:00 جارێکی دیکە گەڕاندیانەوە بۆ نەخۆشخانە و کاژێر 08:00ـی بەیانی گیانی لەدەستدا. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی داد دەکەین بۆ ئەوەی دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیار بدات."
پۆلیس گرتەی ڤیدیۆیی کامێرای چاودێریی هۆڵەکەی بردووە و لەسەر ئەو بنەمایە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ