ناوی شارێک و سێ گوندی پارێزگای ورمێ گۆڕدران

12-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناوی شارێک و سێ گوند گۆڕدران.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئەیلوولی 2023، ناوەندی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، بە بڕیاری ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، ناوی شارێک و چەند گوندێکی پارێزگای ورمێ گۆڕدران.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ناوی شاری تازەکەندی نوسرەت ئاوای سەر بە تیکاب گۆڕاوە و کراوەتە تەختی سولەیمان.
 
هەروەها بە بریاڕی وەزیری ناوخۆی ئێران، ناوی گوندی پەزیی سەر بە قەزای پوڵدەشت کراوەتە پەزێک، هەردوو گوندی زۆلا و بەهێک لە ناحیەی کۆهساری قەزای سەڵماسیش تیکەڵکراون و ناوەکەی کراوە زۆلابەهێک.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر پێشنیازی محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ بووە و ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.
 
پارێزگای ورمێ، لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە، گەورەترین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانە. رووبەری ئەم پارێزگەیە 37 هەزار و 59 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەپێی دوایین سەرژمێری گشتیی ئێران، کە لە ساڵی 2016 کرا، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە سەرووی 3 ملیۆن و 265 هەزار کەسە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە