ژووری پیشەوەرانی جۆلەمێرگ: بۆ کردنەوەی دەروازەی رووبارۆک شاند دەنێرینە ئەنقەرە و هەولێر

12-09-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
 زیاتر لە 10 هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە و بە هەردوو لایەنی (تورکیا و هەرێمی کوردستان) دراون.
زیاتر لە 10 هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە و بە هەردوو لایەنی (تورکیا و هەرێمی کوردستان) دراون.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ رایدەگەیێنێت، رۆژی دووشەممە، 12-9-2022 ئەو کەمپەینە کۆتاییهات کە بە مەبەستی گەیاندنی دەنگیان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی دەرەجیک - رووبارۆک دەستیان پێکردبوو.
 
موحەڕەم تەکین، سەرۆکی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ پەڕاوی واژۆکانی نیشانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دا و رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە، هاوکات دوای کەمپەینەکە واژۆکانیان بە هەردوو لایەنی (تورکیا و هەرێمی کوردستان) داوە.
 
تەکین هەروەها ئاشکرایکرد، شاندێک ئامادە دەکەن کە سەردانی هەریەک لە ئەنقەرە و هەولێر دەکات. ئەو شاندە لە ئەنقەرە چاوی بە چەند بەرپرسێکی پەیوەندیدار دەکەوێت کە یەکێک لەو بەرپرسانە محەممەد مووش، وەزیری بازرگانیی تورکیا دەبێت. دوای ئەو دیدارانەش شاندەکەی جۆلەمێرگ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار کۆدەبێتەوە.
 
شەمزینان دەکەوێتە نێوان سێ وڵات و ناوچەیەکی ستراتیژییە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسان و هاونیشتمانیان پێیانوایە تاوەکو ئێستا سوود لەو ستراتیژیبوونە وەرنەگیراوە.
 
ساڵی 1998 لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەوە بڕیاردرا سنوورێک لە گوندی سامانڵی، لە پانیا نێرگز بکرێتەوە. ئەمە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و باڵەخانەی گومرگیش دروستکرا، بەڵام دواتر ئەو دەروازەیە نەکرایەوە. هەروەها ساڵی 2011 جارێکی دیکە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و بڕیار لەسەر کردنەوەی دەروازەکە لە ئوموڕڵو درا. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا زۆر جار مژدەی کرانەوەی دەروازە سنوورییەکە درا، بەڵام نەکراوەتەوە.
 
بەپێی زانیاریی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ، لە ئەگەری کرانەوەی دەروازەی سنووریی رووبارۆک، رۆژانە هەزاران کەس هاتووچۆ دەکەن و کاریان ئاسان دەبێت. هاوکات بۆ سەتان خێزان کە بژێوییان لەسەر کاری رۆژانەیە، دەبێتە دەرگەی رۆزی. 
لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، خەڵکی شەمزینان و رووبارۆک و ناوچەکە 80٪ـیان خزمیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. لە دەروازەی رووبارۆک رێگەیەکی کاژێری لە نێوانیاندا هەیە، کەچی ئەوان ناچارن خۆیان بگەیەننە خاڵی سنووری کە دوورە و ماوەی 16 کاژێر رێگە ببڕن.
 
کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بە سەرپەرشتیی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ رۆژی سێشەممە 23-8-2022 لە جۆلەمێرگ دەستیپێکرد و رۆژی دووشەممە 12-9-2022 کۆتاییهات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە