لە خورماتوو خوێندنی کوردی هەڕەشەی لەسەرە؛ هەشت قوتابخانە داخراون

 
رووداو - خورماتوو

خوێندنی کوردی لە خورماتوو، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە. کەڵەکەبوونی کێشەکان و نەبوونی پێداویستیی خوێندن، هاونیشتمانیانی کوردی ناچار کردووە منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی عەرەبی و ئەوەش وایکردووە هەشت قوتابخانەی کوردی لە خورماتوو دابخرێن.
 
فەرحان کەریم، دانیشتووی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم قوتابخانەیە ژمارەیەکی زۆر قوتابی تێیدا دەخوێنێت و شوێن و پۆلی نەبوو، کەسانی خێرخواز لەسەر ئەرکی خۆیان نۆژەنیان کردەوە، قوتابییەکی زۆر لە خوێندنی کوردییەوە دەچێتە عەرەبی و ساڵانە زۆر زیاتر دەبێت. من دوو منداڵم هەیە لە خوێندنی عەرەبی دامناون، چونکە خوێندنی کوردی لە خورماتوو هیچ مانایەکی نەماوە."
 
لە خورماتوو 4500 قوتابی لە 32 قوتابخانەی کوردیدا دەخوێنن، کە بەڕێوەبەرانی هەموو قوتابخانەکان لە عەرەب و تورکمانن و رێگە نادرێت کورد ببێتە بەڕێوەبەر.
 
ئەحمەد رەمەزان، سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە خورماتوو دەڵێت، "یەک بەڕێوەبەری قوتابخانەمان نییە کە سەر بە هەرێمی کوردستان بێت و بەڕێوەبەر بێت لەو قوتابخانانەی کە بە رێژەی 100% خوێندن تێیدا کوردییە، چەندە هاوار دەکەین، بەڵام وەزارەت نایەت بە دەنگمانەوە، دەیان کێشەی دیکەمان هەیە و چارەسەر نەکراون، قوتابی تاقیکردنەوەی کردووە و دەفتەری تاقیکردنەوەکەی ون بووە."
 
لە هەر قوتابخانەیەکی 12 پۆلی، سێ دەوامی تێدا دەکرێت، زۆربەی ئەو قوتابخانانەی بەناوی نۆژەنکردنەوەوە تێکدراون، زیاتر لە پێنج ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون و بەغدا ئامادە نییە تەواویان بکات.
 
لە کەرکووکیش ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەستیان پێکردووە. بەپێی ئاماری پەروەردەی کەرکووک، زیاتر لە 300 قوتابی لە خوێندنی کوردییەوە چوونەتە بەر خوێندنی عەرەبی.
 
بەسیرە جەلیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێرگز دەڵێت، "داوا دەکەین وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بێتە سەر خەت، هۆکار چییە منداڵەکانمان بچنە بەر خوێندنی عەرەبی، ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمە و شارەکەمان و نەتەوەکەمان نییە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ژمارەی قوتابیی کورد کەم ببێتەوە، واتە رێژەی کورد لەم شارە کەم دەکات."
 
نەبوونی کتێب و پێداویستیی خوێندن و بینای قوتابخانە، بە سەرەکیترینی ئەو کێشانە دادەنرێت کە بەرۆکی خوێندنی کوردیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرتووە و داوا دەکرێت وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان فریایان بکەوێت.