پارێزگاری دهۆک: داوا لە ئەڵمانیا دەکەین پاڵپشتییەکانیان بۆ ئاوارەکان بەردەوامبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری دهۆک بە یاوەری شاندێک گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوەیە داوا لەو وڵاتە بکات هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دهۆک بەردەوام بێت. 
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بە هاوکاری ژمارەیەک بەرپرسی پارێزگای دهۆک گەیشتوونەتە ئەڵمانیا و سەردانەکەیان 10 رۆژ دەخایێنێت، لەو ماوەیە چەندین کۆبوونەوە دەکەن.
 
وەک عەلی تەتەر باسی کرد، بڕیارە لە شاری بۆن لەگەڵ رێکخراوی جی ئای زێد و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی کاریتاس کۆببنەوە، دواتر لە نۆرس راین فێستڤاڵن لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەو هەرێمە کۆدەبنەوە، پاشان سەردانی بەرلین دەکەن و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و کۆمەڵێک پەرلەمانتار کۆدەبنەوە. 
 
ئەمە سێیەمجارە پارێزگاری دهۆک سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا دەکات. لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان عەلی تەتەر گوتی: "زیاتر بۆ پشتگیریکردنە لە دۆسیەی کوردستان، چونکە لێرە پاڵپشتییەکی سیاسی و مرۆڤایەتیی دەکرێن، دەمەوێت دۆسیەی کورد بە ئەڵمانیا و هەموو وڵاتەکان بناسێنین، ئەوان زۆرجار هاوکارییەکی باشی ئێمە دەکەن، بە تایبەتی رێکخراوی کاریتاس و جی ئای زێد، ئەوانە بە بڕە پارەیەکی زۆر هاوکاری هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دهۆکیان کردووە، بە تایبەتتر لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەکان." 
 
پارێزگاری دهۆک دەیەوێت داوا لە رێکخراوە نێودەڵەتییەکان بکات، پاڵپشتییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دهۆک بەردەوام بێت، لەو بارەوە گوتی: لە پاش شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، هەموو رێکخراوە جیهانییەکان هاوکاریی پێشکێشی ئەوان دەکەن، "بۆیە هەوڵدەدەین بەوان بڵێین، کە کێشەکانی ئێمەش بەردەوامە" و ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر هەن کە کێشەکانیان چارەسەر نەبووە و پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی توانای ئابووری باشیان هەیە و بەتایبەتتر ئەڵمانیا کە کوردستانی بەلاوە گرنگە، کوردستان فەرامۆش نەکەن و بە تەنیا بەجێیان نەهێڵن و بەردەوامبن لە هاوکارییەكانیان، "چونکە کوردستان هێشتا لە ژێر گوشارێکی ئابووری فراواندایە." 
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک 20 کەمپ هەن، کە پێنجیان بۆ پەنابەرانن و 15یان بۆ ئاوارەکانن. ژمارەی ئەو خێزانە پەنابەرانەی لە پێنج کەمپەکەدا دەژین 11 هەزار و 261 خێزانن. لە دەرەوەی کەمپەکانیش زیاتر لە هەشت هەزارن، کۆی گشتیی خێزانەکانی ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان نزیکەی 19 هەزار و 580 خێزانن کە دەکاتە 131 هەزار و 700 کەس لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆکدان. ئەوەش جگە لەو خەڵکەی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کە لە هەولێر و سلێمانین.