رووداو دیجیتاڵ
جووتیاران داوا دەکەن بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ، هاوردەکردنی شووتی قەدەخە بکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێ رۆژە رێگە بە هاوردەکردنی شووتی دەدرێت و باجی زۆری لەسەر لابراوە.
جووتیارێکی سنووری سەیدسادق بەناوی لوقمان لەتیف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 900 تۆن شووتی بەرهەمیان دەبێت و لە 25ـی ئەیلوولەوە شووتی دەخەنە بازاڕەکانەوە.
ئەو جووتیارە دەڵێت، جووتیاری دیکە هەن زۆر زیاتر لە ئەو بەرهەمیان هەیە؛ داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی شووتی لە ئێران و تورکیاوە رابگرێت. گوتیشی: "شووتی ئەمساڵمان زۆر جوانە؛ شووتییەکە هیچ دەرمانێکی پێنەدراوە، ئەگەر رێگریی لە هاوردەکردنی نەکرێت، ئێمە 80 بۆ 90 ملیۆن دینار زیان دەکەین و رەنجەکەمان بە خەسار دەچێت."
لە بەرامبەردا، حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 12ـی ئەیلوولی 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماوەی سێ رۆژە باجی زۆریان لەسەر هاوردەکردنی شووتی هەڵگرتووە و ناکرێت جارێکی دیکە باجی زۆری بخەنەسەر بۆ ئەوەی هاوردە نەکرێت.
سەبارەت بە داوای ئەو جووتیارانەی بەرهەمیی شووتیان پێدەگات، حوسێن حەمەکەریم گوتی: "ئەگەر دۆخێکی زۆر تایبەت دروستببێت، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو دەسەڵات و توانایەی هەیە لە ماوەیەکی کورتدا جارێکی دیکە باجی زۆر بخاتەسەر هاوردەکردنی شووتی بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاماری وردیان لەبەردەستدانییە بەهۆی ئەوەی بەرهەمی شووتی تێکەڵ بە پارێزگاکانی عێراق دەبێت و گوتیشی: "بە گشتی زیاتر لە 150 هەزار تۆن بەرهەمی ساڵانەی شووتیمان هەیە؛ بێگومان خواست لەو رێژەیە زیاترە بۆیە هاوردە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ