پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە کەرکووک دەستپێکرد

12-09-2021
گۆڤەند مستەفا
پارتی بە دوو بەربژێر لە دوو بازنەی ئەو پارێزگایە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات
پارتی بە دوو بەربژێر لە دوو بازنەی ئەو پارێزگایە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات
نیشانەکردن پارتی لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتیی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی لە کەرکووک دەستپێکرد؛ پارتی بە دوو بەربژێر لە دوو بازنەی ئەو پارێزگایە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و ئەمڕۆش نووسینگەی یەکێک لەو بەربژێرانە لە کەرکووک کرایەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی لەو پارێزگایە دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بارەگاکانی پارتی "بە شکۆوە لە کەرکووک دەکرێنەوە".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی 1ی کەرکووک کە ئەمڕۆ یەکشەممە 12-09-2021 نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە شارەکە کردەوە و دەستی بە بانگەشە کرد، بۆ هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک قسەی کرد و گوتی پێشوازی خەڵکی کەرکووک لێیان "ئەوەی سەلماند کە بەڕاستی پارتی تاکە خەمخۆرە؛ هەموو هیوایەکی کەرکووکییەکان بە پارتییە کە بتوانێت ئەو دۆخە سەپێندراوە لە کەرکووک کۆتایی پێبهێنێت؛ هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە بتوانین متمانەی ئەو خەڵکە بەدەستبهێنین و نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی ئەوان لە بەغدا بکەین و ئەو دۆخە سەپێندراوەی کە هەیە لە کەرکووک کۆتایی پێبهێنین".
 
ئەو بەربژێرەی پارتی لە کەرکووک ئاماژە بە کردنەوەی نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی و کردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکووک کرد و گوتی: " ئەمە بارەگای بانگەشەی بەربژێرانی پارتییە؛ لە چەند رۆژی ئاییندەشدا پشت بە خودا بارەگاکانی پارتی بە رێوڕەسمێکی شکۆوە هاوشێوەی پێش 16ی ئۆکتۆبەر دەکرێنەوە".
 
رۆژی 11-9-2021 پارتی لە هەولێر و بە ئامادەبوونی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە فەرمی دەستی بە بانگەشە کرد.
 
سەرۆک بارزانی گوتارێکی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی بانگەشەی حیزبەکەیدا پێشکێشکرد و رایگەیاند، "تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگاکان هەبوو کە هیچ دادپەروەریی تێدا نەبوو و لەسەر هیچ بنەمایەکی راست نییە، چونکە سەرژمێری نەکراوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆئەوەی سەنگی پارتی بپارێزین بڕیارماندا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین".
 
ئەگەر وەکو حیزب ئەژمار بکرێت جگە لە هاوپەیمانیێتییەکان، پارتی گەورەترین حیزبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "هیوادارم لەم هەڵبژاردنەش پارتی بە حیزبی ژمارە یەک بمێنێتەوە". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا "داوای ئێمە و هەموو خەڵکی عێراق و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن ئەوەیە هەڵبژاردنێکی خاوێن بێت، ساختەکاریی تێدا نەبێت. ئەمە داخوازی یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە".
 
سەرۆک بارزانی گوتی، "بێگومان هەڵبژاردن باشترین و راستترین رێگەیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتدا بکرێت و پارتی خۆی خاوەنی بیرۆکەی هەڵبژاردنە. هەمووتان لەبیرتانە لە نەورۆزی ساڵی 91 و لە شاری کۆیە بە هەموو جیهانمان راگەیاند کە دەمانەوێت هەڵبژاردن بکەین و لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە، بچین بۆ شەرعیەتی دەستووری و یاسایی بە هەڵبژاردن. نە کەس فەرزی کردبوو لەسەرمان و باوەڕ ناکەم کەسیش بیری بووبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە