زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر و زانکۆی ئەمریکیی بەیرووت رێککەوتنێک واژۆ دەکەن

12-09-2021
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی پەیوەندییە گشتی و نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر رایگەیاند، کە رێککەوتنێک لە نێوان زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر و زانکۆی ئەمریکیی بەیرووت لە لوبنان کراوە بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی شەممە، 11-9-2021 فیدا حەبیب، بەرپرسی پەیوەندییە گشتی و نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنەکە پێش مانگێک کراوە و ئێستا چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن تاوەکو رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و هاووڵاتییانی هەردوو وڵات لێی سوودمەند بن. 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی بە فەرمی رێککەوتنەکە رانەگەیێندراوە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتی و نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر گوتی، "بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان زانکۆی کاسۆلیکی و زانکۆی ئەمریکیی بەیرووت، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بڵاوناکرێتەوە تاوەکو بەشێک لە ئامادەکارییەکان تەواو دەبن".
 
رۆژی 27 مانگی ئاب ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ بەشار وەردە، مەترانی هەولێر، پیرۆزبایی لە رێککەوتنی نێوان زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر و زانکۆی ئەمریکیی بەیرووت کردووە و دەڵێت: رێککەوتنی لەمشێوەیە گرنگیی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی عێراق و فراوانکردنی دەرفەتی پەروەردە بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت و  دەشڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە لە عێراق". دەشڵێت: ئەم رێککەوتنە نەک تەنیا سوودی هەیە بۆ هەردوو دامەزراوەکە، بەڵکو خەڵکی عێراق و لوبنان لێی سوودمەند دەبن.
 
بلینکن ئاماژە بەوەدەکات، لە کاتی دیالۆگی کۆنفڕانسی ستراتیژیی عێراق-ئەمریکا "پێگیری تووندی ئەمریکام نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی خوێندنی باڵای عێراق لە رێگەی زانکۆ ئەمریکییەکان". 
 
لەبارەی پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا بۆ زانکۆکانی عێراق، بلینکن دەڵێت، "پارساڵ کۆنگرێسی ئەمریکا  10 ملیۆن دۆلاری بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی زانکۆکان لە عێراق تەرخانکردووە و زانکۆی ئەمریکی لە لوبنانیش هەمان پاڵپشتیی دارایی وەرگرتووە". 
 
لەو بارەشەوە، فیدا حەبیب گوتی: پاڵپشتییە داراییەکە بۆ ژمارەیەک زانکۆی عێراق تەرخانکراوە کە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر" بەشێکی بچووکی" بەرکەوتووە و بەهۆیەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە بەرەوپێش دەبەن و گوتیشی، "لە بەرنامەیاندایە کۆلێژێکی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە