قەرزی بچووك‌ و قازانجی گەورە..

12-09-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئابووری
A+ A-


پرۆژەی بچووك، ئێستا لە دونیادا بوارێكی زۆر باشە بۆ ئەوانەی بیرۆكەیەكیان هەیە و دەیانەوێت لە بازاڕی كاردا، بە توانای خۆیان ببنە خاوەنی پڕۆژەیەكی ئابووری سەربەخۆ. لەم دەساڵەی رابردوودا، كوردستانیش پڕبوو لەو رێكخراو و بانك‌ و دامەزراوە مالییانە و قازانجێكی زۆریان كرد و، بازاڕی كوردستان پڕكرا لە بێكار.


ئەوروپا و وڵاتانی پێشكەوتوو كە گەشەیان كردووەو تاكەكان بارگرانی نین لەسەر بودجەی گشتی، هۆكارەكەی پەیوەندی بە رێكخستنی بازاڕ و ئەو بوارەوە هەیە كە ناوی (پڕۆژەی بچووك)ە. بەپێی داتا و ریسێرچی ناوەندە ئابوورییەكان وڵاتێكی وەكو ئەڵمانیا، لە سەتا نەوەتی بەهۆی ئەم پڕۆژە بچووكانەوە بازاڕ دەچەرخێنن. هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە ئەم بوارە زۆر كارایە و هەموو دەرفەتێك كراوەیە لەبەردەم ئەو كەسانەی كە خولیای دامەزراندنی بزنسی بچووكی خۆیان هەیە.

لەهەرێمی كوردستانیش لەساڵانی پێشوو، دوای رووخانی حكومەتی بەعس‌ و گەشەكردنی ئابووری‌ و كرانەوەی بازاڕ و هاتنی لێشاوی پارە بۆناو بانكەكان‌ و بوژانەوەی بازاڕ و كرانەوەی بەڕووی دونیادا، زۆرترین رێكخراو و بانك ‌و دامەزراوەی مالی، فرسەتەكەیان قۆستەوە و بەناوی هاوكاری كەرتی تایبەت‌ و پڕۆژەی بچووك هاتنەوە ناو كۆمەڵگەوە. 

بێگومان لەوەختێكدا ئەوانە پەیدابوون، كە لە كوردستاندا نە كولتووری بانك و نە رێكخستنی بازاڕ بە دامەزراوەیی كراوە، بۆ هەندێك ئەم بوارە بووە بە خێر و، هەندێكیشیان بەهۆی ناشارەزاییان لە یاسا پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە قەرز، سەرمایەكانیان لێرە بەهەردەچوو و رۆیشتن، ئەوانە نەبێت كە زۆر زیرەكانە هەلەكەیان قۆستەوە و شارەزایانە مامەڵەیان كرد، لەو نێوانەشدا، خۆیان و سەرمایەكانیان زۆرتر و زیاتربوو، بەڵام ئەوانەی قەرزدارەكانیش تاوەکو ئێستا بێكار و بێ پڕۆژە و بێ پارە مانەوە.

بەهۆی ئەوەی یاسا بەركارەكانی عێراقی، بۆ ئەم بابەتە هەژارن ‌و دامەزراوە و چاودێرێكی ورد نییە تا كوالێتی كارەكانی ئەم دامەزراوانە بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە لە دراسەبكات، زۆر ئاشكراو روونە كە نەك سوودیان نەبوو بۆ خەڵك، بەڵكو ئیستغلالێكی ناشرین روویداوەو روودەدات، یەك تۆز وردبوونەوە لەم جیهانەی كە ناوی بازاڕی كوردییە، ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە ئەو سەتان هەزار خێزانەی قەرزیان وەگرتووە، تەنها سودییان بۆ قەرزدەرەكان هەبووە و خۆیان ئێستا بێكارن یان ئەگەر كاریشیان هەبێت، ئەو پارانەی وەریان گرتووە بەهیچ شێوەیەك نەخراونەتەوە خزمەتی ئەو بیرۆكانەی كە بۆ قەرز وەرگرتن پێشكەشی ئەو دامەزراوانەیان كردووە. 

لەولاشەوە قەرزدەرەكانیش لەپێناوی قازانجی زیاتر، جدوایەكی ناڕاستیان خستووەتە سەر ئەپڵیكەیشنەكانی خۆیان و ئاراستەی ئەو لایەنانەیان كردووە كە بڕوانامەی پێبەخشیون. بەتایبەتی ئێستا لە عێراقدا، چەند دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی هەن كە وەكو تۆڕێك لێكۆڵینەوە لە راپۆرتەكانیان دەكەن وەكو(Mix Market) یان( USAID) كە ئاژانسێكی ئەمریكییە و تا ساڵی 2013 سەرپەرشتیاری هەموو رێكخراوەكانی قەرزی بچووكی عێراقیان كردووە، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەش كە پێشكەشیان كردوون، بڕوانامە و خەڵات و ملیۆنان دۆلاری وەكو هاوكاری پێبەخشیون. 

ئەوەی تێبینیم كردووە، ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە، لەكارەكانیان زۆر جیدین و هەموو ئامانجەكانیان دروستكردنی دامەزراوەی پرۆفیشناڵە كە لەپێناو پەرەپێدانی پڕۆژەی بچووكە نەك قازانجی زۆر بۆیان. بەڵام ئەوەی لە واقعدا دەگوزەرێت، ئەم قەرزانە بەشێوەیەكی گشتی قەرزی ئیستهلاكی بوونەو نەیانتوانیوە بۆ ئەو ئامانجە كاربكەن كە مۆڵەتیان لەسەری وەگرتووە. 

زۆربەیان دەرگیری كێشەی یاسایین‌ و بە پینەوپەڕۆ بۆشاییە یاساییەكانی خۆیان پڕكردووەتەوەو هەم فیڵ لەخۆیان هەم لەو كەسانەش دەكەن كە قەرزیان پێدەدەن و لەولاشەوە جدوای ناڕاست بۆ پڕۆژەكان پێشكەش دەكەن‌ و ژمارەكانیان پەیوەندی بە روپێوو كەشفی سەر پرۆژەكانەوە نییە، بەڵكو كۆپی پەیستی كۆمەڵێك ژمارەیە دەخرێتەسەر ئەپڵیكەیشن‌ و ناوی دەنێن (جەدوای ئابووری).

لەڕووی یاساییشەوە، لە یاسا بەركارەكانی شارستانی لە عێراقدا، هەندێ رێوشوێن هەیە بۆ دیاریكردنی بڕی فائیدە بۆ هەر قەرزێك لە دامەزراوەی ئەهلی و حكومی، بەڵام هەموو رێكخراوە ئەهلیەكان لەم بوارەدا، بازبەسەر ئەو یاسایەدا ئەدەن و بە هەوەسی خۆیان فائیدە دیاری دەكەن‌ و تەنانەت لە زۆرترین حاڵەتیشدا لە باج بەخشراون یان زانیاری لەسەر مووچەی كارمەندەكان و داهاتەكانیان بۆ فەرمانگەكانی كار و دەستبەر و تەنانەت بۆ باجیش دیاری ناكەن و رێگەی فێڵزانانە بۆ ئەم خۆدزینەوەیە بەكاردەهێنن. 

سەرەتاییترین كارێك بۆ هەر قەرزێك كە بۆ پڕۆژەی بچووك دیاری دەكرێت، ئەوەیە ژینگەی قەرزو، لێكۆڵینەوەی لایەنە جۆربەجۆرەكانی ئەو پڕۆژەیەیە كە هاوكاری دەكرێت. دامەزراوەكانی وەكو(USAID)و هەموو ئەوانەی چاودێری ئەو بوارە دەكەن، رێنمایی ئەوە دەكەن كە پێویستە هەموو لایەك خۆی دووربگرێت لە قەرزی ئیستهلاكی، ئەمجۆرە قەرزە خراپترین قەرزە كە بەداخەوە ئێستا لە كوردستان لەپێناو مانەوەو قازانجی خۆیاندا رێكخراوەكان كاری لەسەر دەكەن. 

بەڵكو پێویستە جەدوای ئابووری ورد هەبێت ‌و ئامانجی قەرزدەر هەر تەنیا قازانجی زۆرو دەستبەری سەرمایەكەی نییە لە گیرفانی قەرزدارەكەدا. بەڵام لە كوردستان كە بەپێی زانیاریەكانی من نزیكەی یەك ملیۆن قەرز دراوە بەخێزانەكان، بەڵام تركیزی قەرزدەركان تەنها قازانج و دەستبەری بووە پاراستنی سەرمایەكەیان، باقی ژمارەو دراسە ئابوورییەكانیان لە گیرفانی خۆیان دەرهێناوەو زۆرجار قەرز وەرگرن تەنها مامەڵە یاساییەكانی جێبەجێكردووەو باقیەكەی تر قەرزدەرەكان هەر خۆیان پرۆژەیان بۆ داناوە و هەر خۆشیان بڕی قازانج ‌و داهاتی رۆژانەو مانگانەیان بۆ ریزكردووە. 

بەپێی زانستی ئابووری و لە نیزامی ( microfinance) ئەگەر بتەوێ قەرزێك بەبڕی (50)هەزار دۆلار بە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی بدەی كە بەشێوەی قستی مانگانە لەماوەی دوو ساڵ بیگێڕێتەوە، پێویستە ئەو پڕۆژەیە لانیكەم قازانجی مانگانەی (5000)پێنج هەزار دۆلار بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە