رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پێنجوێن دەڵێت، نزیکەی 10 ساڵە هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی ستراتیژی بۆ سنوورەکەیان نەکراوە. دەشڵیت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بە بەهای نزیکەی 14 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان راگیراون.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکشی دەکات، باسی لە کێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پێجوێن کرد و گوتی، "ئەو پڕۆژانەی لە 10 ساڵی رابردوودا جێبەجیمان کردوون، پڕۆژەی بچووک بوون و بەردەست بوون، وەکو چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە، ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە راگیراون کە بە رێژەی جیاواز کاریان تێدا کراوە. لەوانە؛ یاریگەیەکی داخراو 20٪ـی جێبەجێکراوە، پارکێک لە ناوەندی قەزاکە کە 34٪ـی جێبەجێکراوە، دروستکردنی شوقە زیاتر لە 40٪ـی جێبەجیکراوە، لەگەڵ پڕۆژەی رێگەی گوندی کانی میران کە نزیکەی 20٪ـی جێبەجێکراوە.
لەبارەی دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتی بۆ گەڕەکەکانی شارەکە، هێمن ئیبراهیم گوتی، پڕۆژەی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتی گەڕەکەکانی گۆبان و ناوشخان بەهۆی قەیرانەوە گرفتیان بۆ دروستبووە و بەهای ئەو پڕۆژانەی راگیراون، نزیکەی 14 ملیار دینار دەبن.
زۆرینەی ئەو پڕۆژانەی راگیراون، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانە کە بە پترۆدۆلار ناسراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا لە بەشێک لە شار و شارۆچەکان، هەندێک لەو پrۆژانەی وەگەڕخستوونەتەوە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون.
هێمن ئیبراهیم دەڵێت، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بێتە پێنجوێن و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان بکات و پڕۆژەکان بخرێنە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان. گوتیشی، "بەڵێنمان پێدراوە کە بودجەی ئەو پڕۆژانە بخرێنە سەر وەبەرهێنانی وەزارەتەکان بۆ ئەوەی وەگەڕبخرێنەوە."
لەبارەی پڕۆژەکانی سێکتەری رێگەوبان، قایمقامی قەزای پێنجوێن ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی دووسادی باشماخ-پێنجوین، هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە و ئێستا نزیکەی زیاتر لە 80٪ـی تەواوکردووە و کاکرکردن تێیدا بەردەوامە. پڕۆژەی دووسایدی پێنجوێن-کەوڵۆس، دیزاین و نەخشەی تەواوکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی 300 ملیار دیناری پێویستە، لە 2014ـەوە راگیراوە و جێبەجێنەکراوە.
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و بوونی زەویی ئیفرازکراو لە سنووری شارەوانیی پێنجوێن، قایمقامی شارەکە دەڵێت، لە سنوورەکە "پێویستمان بە فراوانکردنی سنووری شارەوانی هەیە و دەبێت نەخشەی شارەوانی فراوان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین زەوی پێویست بۆ دابەشكردن دابین بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ