ئەندامێکی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی: دان بە پارێزگاری کەرکووکدا نانێین

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێت، دان بە پارێزگاری کەرکووکدا نانێن و هەموو ئەو پۆستانەشی بۆیان دەستنیشانکراوە رەتیدەکەنەوە. داوا دەکات کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشێوەیەکی یاسایی دووبارە بکرێتەوە.
 
تورکیش عیززەدین، ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆتێلێکی بەغدا و بەبێ بەشداریی و ئاگادارکردنەوەی نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە نایاساییە و پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا بەشێوەیەکی شەرعی لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەن بەپێی رێکارە یاساییەکان کۆبوونەوەکە دووبارەبکاتەوە".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی عێراق پێیوایە ئەوەی لە بەغدا کرا بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە "پێشێلکارییە" بەرامبەر نەتەوەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و ناکرێت کۆبوونەوەیەک بەوشێوەیە لەبارەی حکومەتی خۆجێی پارێزگایەکەوە بکرێت کە فرەنەتەوە و هەمەڕەنگە.
 
شەوی 10ی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەیەک کرا و تێیدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
تورکیش عیززەدین دەڵێت: "دان بە پارێزگاری کەرکووکدا نانێین و کۆی پرۆسەکە بە نایاسایی و ناسروشتی و ناشەرعی دەزانین".
 
گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و برایانی عەرەب بەشی 'رێژەی یاسایی'مان هەبوو و دەمانتوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا رێکبخەین، بەڵام ئەو کارەمان نەکرد و پێمانوابوو پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بەشداریی هەموو ئەندامان و بە رێکاری شەرعی و یاسایی کۆببێتەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، ژمارەیەک پۆست بۆ تورکمان دانراون، بەڵام تورکیش عیززەدین دەڵێت: "ئەو پۆستانە قبوڵ ناکەین و رەتیدەکەینەوە".
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 12/8/2024 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، "بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە". کۆبوونەوەکەشی بە "نایاسایی" ناوبرد.