خاوەن نووسینگەیەک لە هەولێر ژمارەیەک زەوی و خانووی چەند جارێک بە خەڵکی فرۆشتووە و هەڵاتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
موختاری گوندێکی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر دەڵێت، خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە چەند جارێک کڕین و فرۆشتنی بە زەوی و خانووی خەڵکەوە کردووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵاتووە و شوێنی نادیارە.
 
سامان ساڵح، موختاری گوندی بنەسڵاوەی گچکەی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە بەناوی (ئـ.م) کە لە گوندی بنەسڵاوەی گچکە نووسینگەی خانووبەرەی بەناوی (ک) هەبووە دوای ئەوەی ماڵەکەی بارکردووە و هاوژین و منداڵەکانی بردووەتەوە بۆ ماڵی خەزووری، هەڵاتووە".
 
سامان ساڵح گوتی: "ئەو کەسە شوێنی نادیارە، ژمارەیەک خانوو و زەویی گوندەکەی چەند جارێک فرۆشتووەتەوە، جگە لەوە کرێی خانووشی بردووە".
 
بە گوتەی موختاری گوندەکە کە دەڵێت ئاگای لەو کارەی ئەو کەسە نەبووە، هەڵاتووەکە چوار بۆ پێنج زەوی و چوار بۆ پێنج خانووی لەو گوندە چەند جارێک فرۆشتووە و بەهۆیانەوە نزیکەی 130 هەزار بۆ 150 هەزار دۆلاری خەڵکی بردووە.
 
موختاری گوند لەگەڵ خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەکە کاریکردووە، بەڵام ئەو دەڵێت: "من شەریکی نیم، بەڵکو تەنیا کارم لە لا کردووە. خانوویەکی خۆشمی فرۆشتووەتەوە و پارەی منیشی بردووە".
 
سامان ساڵح، بە رژدبوونەوە گوتی، "چووینەتە ماڵی باوکی ئەو کەسە، دیارە زەوی و خانووی ماڵی باوکیشی بەو شێوە فرۆشتووە و پارەی ئەوانیشی بردووە." گوتیشی:"بەدڵنیاییەوە هەڵاتووە، بەڵام نازاندرێت لە کوێیە."
 
ئەو خانوو و زەوییانەی لەو گوندەدان، بەشێکیان کارتیان هەیە، بەشێکیشیان تەنیا کارەباکەی بەناوی خاوەنەکەی دەکرێت، واتە هیچیان تاپۆ نەکراون، ئەو کڕین و فرۆشتنانەشی کراون تەنیا بە مۆر و گرێبەستی نووسینگەی خانووبەرەکە بووە.
 
رووداو قسەی لەگەڵ یەکێک لەو کەسانە کرد کە فێڵی لێکراوە و خانوویەکی لە گوندەکە کڕیوە، بەگوتەی خۆی نزیکەی چەند مانگێکی کەمە خانووەکەی کڕیوە، کەچی چەند رۆژێکە بۆی دەرکەوتووە ئەو خانوووە پێنج خاوەنی هەیە. ئەو بە رووداوی گوت، "خانووەکەم بە 165 وەرەقە کڕیوە".
 
بەگوتەی ئەو کەسە ژمارەیەک لەو کەسانەی پارەیان لێبراوە بەنیازن لە دادگە سکاڵا بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە