چوارشەممە تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" دادگایی دەکرێت

12-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رۆژی 14ـی ئەم مانگەی بۆ دادگاییکردنی نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، دیاریکرد.
 
ئەندامێکی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەو پارەیەی لەو دزییەدا دزراوە لە هەشت تریلیۆن دینار زیاترە و تۆمەتبارەکانیش ژمارەیان زیاترە".
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە سەرۆکایەتی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخی بەغدا، لە نووسراوێکدا کە بۆ دەستەی دەستپاکیی ناردووە رایگەیاندووە، "ئەم دادگەیە بڕیاری دا رۆژی 14ـی ئابی 2024 بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبار نوور زوهێر جاسم بەپێی مادەی 331ـی یاسای سزادانی عێراق دیاریبکات، تکایە تۆمەتبار و کەسانی پەیوەندیدار ئاگاداربکەنەوە لە رۆژی دادگاییەکە ئامادەببن".
 
نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە"یە، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 دوای دەستگیرکردنی، وێنەیەکی لە سۆشیاڵ میدیای عێراق بڵاوکرایەوە.
 
خالید رێکانی، ئەندامی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەندامانی لێژنەکەی ئێمە ئامادەی دادگاییکردنەکە نابن، رەنگە لەو رۆژەی دیاریکراوە بڕیار بدرێت، رەنگە دوابخرێت." گوتیشی :"ژمارەی ئەوانەی لەو دۆسییەیەدا تێوەگلاون زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، زیاتر لەو پارەیەش کە دەگوترێت هەشت تریلیۆن دینارە دزراوە."
 
مادەی 331ـی یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، دەڵێت هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی کە بە ئەنقەست سەرپێچی ئەرکەکانی بکات یان ئامادەنەبوو کارەکانی بکات و مەبەست لێی زیانگەیاندن بوو بە بەرژەوەندیی کەسێک یان بۆ بەرژەوەندیی کەسێک لەدژی کەسێکی دیکە یان دەوڵەت ئەو کارەبکات، بە زیندانیکردن و پێبژاردن سزا دەدرێت. سزاکەش لە سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ، یان پێبژاردن دەبێت.
 
"دزیی سەدە" لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە. بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن کە سەرەتا راگەیێندران.
 
بڕی ئەو پارەیەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بانکی رافیدەین (یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق)، لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022 دزرا و بە "دزیی سەدە"ناوی دەرکردووە، تادێت زیاتر دەبێت. 
 
رۆژی یەکی ئابی 2024 دەستەی دەستپاکی ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە