ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکانی سێ قەزا کۆدەبێتەوە

12-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکان لە قەزاکانی دووبز، داقوق و حەویجە دەدات.
 
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکان لە قەزاکانی دووبز، داقوق و حەویجە".
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەکیان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەدەست نەگەیشتووە.
 
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
بەگوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، قایمقامێک، 3 بەڕێوەبەرى ناحیە و 2 بەڕێوەبەرى گشتى بەر کورد دەکەون.
 
هەر بەپێی ئەو زانیارییەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەرپرسانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کەرکووک دەستى کەوتووە، ئەو پۆستانەى بەگوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بۆ کورد دەبن، کراون بە چەند بەشێکەوە. هەندێکیان پێشتر لاى کورد بوون و بەدەستییەوە دەمێننەوە و هەندێکى دیکەیان دەدرێن بە کورد کە پێشتر بەدەستیەوە نەبوون.
 
لە پۆستە کارگێڕییە باڵاکان، دیارترین ئەو پۆستانەی بۆ کورد دەبن، لە 4 قایمقامى کەرکووک یەکێکیان بۆ کورد دەبێت کە قایمقامى دووبزە.
 
هاوکات هەر 3 بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرگەڕان، قەرەهەنجیر و شوان لە سنوورى کەرکووک بەدەستى کوردەوە دەبن، کە زۆرینەى دانیشتوانەکەیان کوردە.
 
 لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، هەردوو بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە و شارەوانی بۆ کورد دەبن؛ هاوکات بەڕێوەبەرى لقى کەرکووکى کۆمپانیاى بەرهەمە نەوتیەکانیش بۆ کورد دەبێت.
 
 لە پۆستە ئەمنى و سەربازییەکاندا پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیس کەرکووک دەدرێتە عەرەب و یاریدەدەرەکەى بۆ کورد دەبێت.
 
یەکێکە لە پۆستە ئەمنییەکانى دیکە کە بەر کورد دەکەوێت، بەڕێوەبەرى هەواڵگرى سەربازى سوپایە لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراقە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە عەرەب و تورکمانە شیعەکان، عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستیان لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک بەردەکەوێت. 
 
غەریب عەسکەر، پەرلەمانتاری تورکمان کە لە کۆبوونەوەی شەوی شەممەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا ئامادەبوو، لەبارەی شایستەی تورکمان لە پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا داوای چەسپاندنی مافەکانی تورکمانمان لە پۆستە سیادی و کارگێڕییەکان بەپێی رێککەوتنی سەرکردە سیاسییەکانی نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کرد".
 
غەریب عەسکەر گوتی، نەتەوەی تورکمان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک 18 پۆست وەردەگرێت.
 
ئەو پۆستانەی بۆ نەتەوەی تورکمان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دانراون ئەمانەن:  
 
1- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
2- جێگری پارێزگار
3- یاریدەدەری پارێزگار
4- راوێژکاری پارێزگار (دوو راوێژکار)
5- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگار 
6- یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک
7- بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک
8- بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک
9- بەڕێوەبەری رێگەوبانی کەرکووک
10- بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک
11- یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی کەرکووک
12- یاریدەدەری شارەوانییەکانی کەرکووک
13- قایمقامی ناوەندیی کەرکووک
14- بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی
15- بەڕێوەبەری ناحیەی تازە
16- بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان
17- سکرتێری لیژنەی ئەمنی
18- بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک
 
عەرەبیش ئەم پۆستانەی خوارەوە وەردەگرێت: 
 
1- فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک
2- یاریدەدەری پارێزگار (دوو کەس)
3- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک
4- بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی کەرکووک
5- قایمقامی قەزای داقووق
6- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا (دوو کەس)
7- بەڕێوەبەری ناحیەی ریاز
8- بەڕێوەبەری ناحیەی رەشاد
9- بەڕێوەبەری ناحیەی عەباسی
10- بەڕێوەبەری ناحیەی زاب
11- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی کارەبا
12- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی داد
13- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی بازرگانی
14- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی نیشتەجێکردن
15- بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
16- بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف
17- بەڕێوەبەرایەتی ژینگە-ناوچەی باکوور
18- بەڕێوەبەری چاودێری دارایی و وردبینی لە دیوانی پارێزگای کەرکووک
19- بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە