فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: دانیشتنەکەی بەغدا نایاساییە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا نەبوون و بە پێچەوانەی یاسا لە قەڵەمی دەدەن.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "رۆژی 10ـی ئاب لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لێرەدا بە هەمو لایەکی رادەگەیێنین، ئێمەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو کۆبوونەوە نەبووین و ئاگادار نەکراوینەتەوە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن".
دەشڵێت، "ئەمەش پێچەوانەی مادەی 7ـە لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراو، بۆیە رێکارەکانی گرێدانی ئەو دانیشتنە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەین و داوا دەکەین پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و حکومەتی خۆجێیی بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچێت".
ئەو راگەیێندراوە لەلایەن هەریەک لە حەسەن مەجید رەشید و شۆخان حەسیب حوسێن، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی بڵاوکراوەتەوە.
شەوی 10ـی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەیەک کرا و تێیدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە