دەستپاکیی هەرێمی کوردستان: هیچ بەربژێرێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە گەندەڵی سزا نەدراوە

12-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە و بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناردووەتەوە؛ هیچ بەربژێك بە گەندەڵی سزا نەدراوە.  
 
رۆژی دووشەممە 12-08-2024 سەرخێڵ هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای  سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەستەی دەستپاكی لە رۆژی 6ـی ئابی 2024، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە لیستی ناوەکان کرد، لەسەر بنەمای مەرجەكانی خۆ بەربژێرکردن كە كۆمسیۆن دیاری كردووە و بەوپێیە نابێت بەربژێر لەسەر گەندەڵی سزا درابێت."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان گوتی: " ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئابی دەستەی دەستپاكی لیستی وردبینی لە لیستی دووەمی ناوەكان تەواو كردووە و بە نووسراوی فەرمی رەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی كردووەتەوە، بەو پێیەیش وردبینی دەستپاكی لە كۆی ژمارەی كاندیدەكانی هەڵبژاردن کۆتایی هات."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو لیستانەی کۆمیسیۆن بۆ دەستەی دەستپاکیی ناردووە، هیچ بەربژێرێک نییە بە گەندەڵی سزا درابێت. 
 
رۆژی سێشەممە 06-08-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئەلیکترۆنی و کاخەز، لیستی ناوی بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە بەغدا و هەولێر و دەستەکانی دەستپاکی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە نارد."
 
بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
 
- هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
 
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
 
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزا نەدرابێت.
 
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزا نەدرابێت.
 
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
بەپێی رێکارەکان پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە