ئامێرەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاقیدەکرێنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئامێرێکی خوێندنەوەی پەنجەی دەنگدەر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
ئامێرێکی خوێندنەوەی پەنجەی دەنگدەر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئامانجی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی ئامادەبوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. گوتیشی، "پێداگرین لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی زەمەنیی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا".
 
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 12-08-2024 ئامێرەکانی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تاقیکرانەوە.
 
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''کۆمیسیۆن پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی خشتە و پرۆگرامی زەمەنیی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.''
 
عومەر ئەحمەد گوتی، لە پڕۆسەکەدا سەرجەم ئامێرەکانی هەڵبژاردن وەکو ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکان، ژماردنی دەنگەکان و جیاکردنەوە و ناردنی ئەنجامەکان بۆ بەغدا تاقیدەکرێنەوە.
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمیسیۆن، ئامانج لە تاقیکردنەوەکە، "دڵنیابوونەوەیە لە توانای ئامێرەکانی دەنگدان و گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی ئامادەبوون بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی پەرلەمانی کوردستان".
 
پڕۆسەی تاقیکردنەوەکە بە چاودێریی کۆمپانیایەکی پشکنینی ئەڵمانی و ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی، لە سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گوتی: ''بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە تەواوی ئامادەین و توانای ئەوەمان دەبێت لە 24 کاژێردا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رابگەیێنین".
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان تاوەکو کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، هیچ گرفتێک لە ئامێرەکاندا نەبینراوە و سەرجەمیان کار دەکەن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بکرێت، 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار تەرخانکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر: حکومەتی عێراق بەربەست بۆ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دروست دەکات

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بۆ چارەسەرکردنی کەمئاویی پارێزگاکە، پڕۆژەیەکی ستراتیژی رادەگەیێنرێت، گوتیشی، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی بە یاسایی دەکرێن و دەگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکی دوور لە ئاوەدانی.