پارتی لەبارەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک: یاسایی نییە

رووداو دیجیتاڵ 

پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، "بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە."
 
رۆژی 10ـی ئابی 2024، لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی، سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامەکەی کریستیان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو.  لە کۆبوونەوەکەدا، رێبوار تەها، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پارێزگار و محەممەد حافز، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەنگاوە "یاسایی نییە، گرفتی هەیە و لە سەر رێگەیەكی دروست نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لە کۆبوونەوەی پێکهاتەکان کراوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە  4ی ئابی 2024، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک سیانی (ثلاثي) بێت. پێکهاتەکان لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان کردووە کە گەڕی یەکەم بۆ ئەوان بێت بەڵام سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە کە دەبێت کورد بێت. 
 
"سەرۆك بارزانی داوای [نوێنەری پێکهاتەکان) كرد ئەگەر بەو مەرجە رازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی رێك بكەون، كەچی هەر هەموویان رەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون." بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی:
 
سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای راگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی راستەقینەی دانیشتووانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و رەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركووك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركووك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.
 
لە درێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی رەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و رەئیی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسند بێت. لە درێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە رێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثي) بێت.
 
ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەمجار پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە رازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی رێك بكەون، كەچی هەر هەموویان رەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار رێك بكەون.  لەدوای ئەوە چەندین كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەمووجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام رەچاوی رۆڵی هەوڵ و نێوەندگیرییەكانی بەڕێز سودانی دەكرا، چونكە دۆسیەكە لەدەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.
 
ئەوەشی لە رۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل رەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكومەتی خۆجێیی كەركووك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لە سەر رێگەیەكی دروست نییە. پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركووك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن.
 
مەحموود محەممەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
 
12ـی ئابی 2024