لقی دهۆکی کۆمیسیۆن: 94٪ـی دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان تاوەکو 17ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 94٪ـی دەنگدەرانی پارێزگاکە کارتیان وەرگرتووەتەوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-08-2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نزیکەی 94٪ـی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک کارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان وەرگرتووەتەوە.
 
723 هەزار کەس لە پارێزگای دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە. خالید عەباس گوتی: ''دابەشکردنی کارتەکان تاوەکو 17ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و داوا لە دەنگدەران دەکەم بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان سەردانمان بکەن''. 
 
لە رۆژی هەڵبژاردندا لە پارێزگاکە 264 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و 33 بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت دادەنرێن کە بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆن، هەزار و 800 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. خالید عەباس دەڵێت، ''هەڵبژاردنی ئەزموونیی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و دەرکەوت سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان بە باشی کار دەکەن''.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، مانگی ئەیلوول تاقیکردنەوەیەکی بەرفراوانتر بۆ ئامێرەکانی دەنگدان دەکرێت و بە مەبەستی ئامادەبوونی زیاتر بۆ هەڵبژاردن، گرفتەکان دەستنیشان دەکرێن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 139 لیست بەشداری دەکەن کە پێکدێن لە 2 هاوپەیمانێتی، 13 پارت، 85 بەربژێری تاکەکەسی، 39 بەربژێری پێکهاتەکان.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانێتییەکان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بکرێت.