رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، قایمقامێک، 3 بەڕێوەبەرى ناحیە و 2 بەڕێوەبەرى گشتى بەر کورد دەکەون.
بەپێی ئەو زانیارییەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەرپرسانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کەرکووک دەستى کەوتووە، ئەو پۆستانەى بەگوێرەى رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بۆ کورد دەبن، کراون بە چەند بەشێکەوە. هەندێکیان پێشتر لاى کورد بوون و بەدەستییەوە دەمێننەوە و هەندێکى دیکەیان دەدرێن بە کورد کە پێشتر بەدەستیەوە نەبوون.
لە پۆستە کارگێڕییە باڵاکان، دیارترین ئەو پۆستانەی بۆ کورد دەبن، لە 4 قایمقامى کەرکووک یەکێکیان بۆ کورد دەبێت کە قایمقامى دووبزە.
هاوکات هەر 3 بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرگەڕان، قەرە هەنجیر و شوان لە سنوورى کەرکووک بەدەستى کوردەوە دەبن کە زۆرینەى دانیشتوانەکەیان کوردە.
لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، هەردوو بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە و شارەوانی بۆ کورد دەبن؛ هاوکات بەڕێوەبەرى لقى کەرکووکى کۆمپانیاى بەرهەمە نەوتیەکانیش بۆ کورد دەبێت.
لە پۆستە ئەمنى وسەربازییەکاندا پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیس کەرکووک دەدرێت بە عەرەب و یاریدەدەرەکەى بۆ کورد دەبێت.
27ـی حوزەیران لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسی کەرکووک کە لە پشکى کورد بوو، کاروبارەکانى بەڕێوەبردنى پۆستەکەى رادەستى عەمید فەتاح خەفاجى کرد کە یاریدەدەری بوو، بەهۆى ئەوەى کە تەمەنى گەیشتە خانەنشین بوون.
یەکێکە لە پۆستە ئەمنییەکانى دیکە کە بەر کورد دەکەوێت، بەڕێوەبەرى هەواڵگرى سەربازى سوپایە لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراقە.
نۆى ئاب ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام و بایکۆتکردنى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى، پارتى و چەند ئەندامێکى عەرەب کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ