چیرۆکی ئەو دوو خوێندکارەی لە خێزانی هەژارن و لە یەکەمەکانی کەرکووک و سەڵاحەدینن

رووداو دیجیتاڵ 

دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی باوکی فاتیمەدا تێدەپەڕێت و ئەو بەڵێنەی پێش مردنی پێی دابوو، کە بەنمرەی بەرزەوە قۆناخی ئامادەیی بەرەو زانکۆ ببڕێت، هێنایەدی. فاتیمە بە کۆنمرەی 99.29 بووە دووەمی سەر ئاستی خوێندی کوردی لە کەرکووک.
 
فاتیمە دڵشاد لەنێو خەم و ناسۆریی لەدەستدانی باوکی لەلایەک و، هەژاری و خراپیی گوزەرانی خێزانەکەی لەلایەکی دیکە، لەسەر راخەرێکی سادەوە تێیکۆشا تاوەکو هیواکەی بەدی هات.
 
دایکی فاتیمە، هاوکارێکی گەورەی کچەکەی بووە، چ بە هاندان و چ بە کارکردن لەرێگەی دروومانەوە، بۆ ئەوەی خەرجیی خوێندنی فاتیمە و دوو برا و خوشکەکەشی دابین بکات.
 
فاتیمە دڵشاد، دووەمی خوێندنی کوردی لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەڵێ "هەر لە 1ـی 6ـی 2022ـوەوە دەستم بە خوێندنێکی چڕ کرد. سەرەتاش بە سێ وانە لە خول کە خەڵاتی مامۆستایەکم بوو."
 
سەبارەت بە هۆکاری سەرکەوتنی، فاتیمە دەڵێ "دایکم زۆر زۆر هاوکارم بوو و پاڵپشتیی دەکردم، دەیگوت 'هەر دەگەیت بە ئاواتەکەت و ئەو نمرەیە بەدەستدەهێنی کە خەونی پێوە دەبینی.' خۆم کە بەیانیان هەڵدەستام لە خەو، پلانی ئەو رۆژەم دادەنا، گرنگترین شت ئەوەیە پلانت هەبێ."
 
فاتیمە دانیشتووی ئاوایی مەنسوڕە لە سنوری حەفتەغار لە کەرکووک، وێڕای کێشە و بەربەستی زۆر، مامۆستاکانی هاوکاری بوون لەوەی فاتیمە و شەش خوێندکاری دیکەیان، کۆنمرەی بەرز بەدەستبهێنن.
 
ئامانج شامیل، مامۆستای دواناوەندیی سۆلاڤ، ئەو دواناوەندییەی فاتیمە لێی خوێندوویەتی، دەڵێ "59 خوێندکارمان هەبوون، 57ـیان بەشداریی تاقیکردنەوەیان کرد و حەوت خوێندکارمان کۆنمرەی سەروو 90ـیان بەدەستهێنا."
 
یەکێک لە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە قەزای خورماتوو ناوی عەلییە، کە لەنێو ژوورێکی لە قوڕ دروستکراودا خوێندوویەتی. هەرچەندە خوێندن لەم شوێنەدا زەحمەتی زۆری بۆ عەلی دروست کردووە، بەڵام توانیویەتی ئامانجەکەی بەدیبهێنێت و سەرمای زستان و گەرمای بەتینی هاوین کاریگەرییان لەسەری نەبووە.
 
عەلی ئەحمەد، خوێندکار لە قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین باسی ئەوە دەکات، خوێندن لەو ژوورەدا زۆر بۆی زەحمەت بووە، چونکە قوڕە، بەڵام دەڵێ "من، ئامادەکاریی خۆم کردبوو لە زستان و لە هاویندا."
 
ئەوەی عەلی پێوەی پابەندبوو، ئەو پلانە بوو کە لەسەری دەیخوێند، ئەگەرچی هەندێک کات بەهۆی دۆخی ژیانییەوە لە پلانەکەی دواکەوتووە، بەڵام بە کۆششێکی زیاتر، قەرەبووی کردووەتەوە.