زانیاری لەبارەی ئەو سێ کەسەی لە بۆردوومانەکەی سنووری پێنجوێن گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئۆتۆمبێلەی لەسەر رێگەی ملەی نەڵمە لە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن کرایە ئامانج؛ سێ کەسی تێدا بووە کە هەموویان گیانیان لەدەستدا. ئۆتۆمبێلەکە "بە درۆن" کرایە ئامانج و ئەو سێ کەسەی تێیدا گیانیان لەدەستدا کەسانی سڤیل بوون و دانیشتووی پارێزگای دهۆک بوون.
نزار ئەحمەد کەشمولە، برای یەکێک لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ برایەکی بە ناوی حەسەن ئەحمەد کە ئەندازیار بووە و لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کاری کردووە لە دهۆک، لەو رووداوەدا گیانی لەدەستدا. گوتیشی، هاوڕێیەکی برای و کچێکی هاوڕێی براکەی لەنێو هەمان ئۆتۆمبێلدا بوون و گیانیان لەدەستدا.
ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، خەڵکی پارێزگای موسڵن، بەڵام لە دهۆک دەژیان. بەگوتەی نزار ئەحمەد، ئەوان بەڕێگەوەبوون بەرەو سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، چونکە برازایەکیان لەگەڵ کوڕی بچووکی هاوڕێی براکەی بەیەکەوە لە کۆلێژێکی ئەندازیاری دەخوێنن و بڕیار بوو لە سنوور پێشوازییان لێبکەن.
ناسنامەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا بەمشێوەیەن:
- حەسەن ئەحمەد، ئەندازیار لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ
- زیاد مستەفا، هاوڕێی حەسەن
- کچێکی زیاد بە ناوی رەیان کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بووە
رووداوەکە نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 11-08-2023، بووە. هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ئەوکات بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە کە بە "درۆن بووە"؛ سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و "بەتەواوی سووتاون".
نزار ئەحمەد کەشمولە، برای یەکێک لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا؛ باسی لەوەش کرد کە بڕیارە تەرمی هەرسێ کەسەکە لە موسڵ بەخاک بسپێردرێن، ئەوەش دوای ئەوەی تەرمەکانیان رادەست دەکرێتەوە.
هاوکات بەسام سەید، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، حەسەن ئەحمەد کەشمولە لە ساڵی 2021ـەوە لای ئەوان وەکو ئەندازیار کاری کردووە.
بۆردوومانی ئەو ئۆتۆمبێلە لەکاتێکدایە کە رۆژی 09-08-2023، ئۆتۆمبێلێکی دیکەیش لە رێگەی دووکان - خەلەکان "بە درۆن" کرایە ئامانج کە دوو کەسی تێدا بوو و، یەکێکیان گیانی لەدەستدا. ئەوکات سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی دووکان بە رووداوی گوت، رووداوەکە لە نزیک گوندی قامیشە بووە.