وەزارەتی ناوخۆ: لە دوو ساڵدا نزیکەی 200 خێزانی ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 200 خێزانی کوردی ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال.
 
رۆژی هەینی، 11ـی ئابی 2023 ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 293 کوردی ئێزدی لە کامپەکانی دهۆکەوە خۆویستانە گەڕاونەتەوە شنگال و پڕۆسەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال بە شکستخواردوو ناودەبات و پێی وایە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەو بارەوە هاوکار نییە و دەشڵێت، لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 200 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال.
 
سروە رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 12-8-2023 بە رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵدا و تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ، 198 خێزان گەڕابوونەوە شنگال. رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئابیش 16 خێزانی دیکە گەڕانەوە".
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پرۆگرامێکی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ هەیە تایبەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال. سروە رەسوول دەڵێت، "پرۆگرامەکە سەرکەوتوو نەبووە، لەبەرئەوەی لە 320 هەزار ئاوارە، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 200 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال".
 
تەنیا مانگی ئایاری 2022 بەهۆی گرژییەکانی نێو شنگالەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 10 هەزار و 740 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەوە. وەک سروە رەسوول دەڵێت، "خەڵک دەترسن لەو دۆخە ئەمنییەی لە شنگال هەیە و هەر بەهۆی نەبوونی متمانەیە بە ناوچەکەیان کە لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 200 خێزان گەڕاونەتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان گوتیشی، "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکار نییە لە دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال و تاوەکو ئێستا عێراق پابەند نییە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال".
 
"هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال نەنراوە"
 
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان بەشێک لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستای عێراق، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە. بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رووینەداوە.
 
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا کە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە.
 
بە گوتەی سروە رەسوول، "ئێستاش هێزی نایاسایی لە شنگال هەن و زۆرجار پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات، ئەوەش وادەکات خەڵک هەست بە ئاسایش نەکەن. لە رێککەوتنی شنگالدا دوو خاڵی گرنگ هەن کە یەکێکیان ئاسایشی شنگالە و ئەوی دیکەشیان ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە. بێ جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵە، خەڵک ناوێرن بگەڕێنەوە".
 
لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، سروە رەسوول گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رووینەداوە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تاوەکو ئێستا کرێی زەوی کەمپەکان، پارەی دابینکردنی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی دیکە نادات و هەموو ئەوانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێن".
 
کەمبوونەوەی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کامپەکانی هەرێمی کوردستان
 
زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوارەکانی نێو کامپەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
 
بە گوتەی سروە رەسوول، "هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ کامپەکان بەردەوامە، بەڵام زۆر کەمی کردووە و بەربەستەکانی زۆرن. سەرباری ئەوە، حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات".
 
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان گوتی، "ئەوان دەڵێن ئاوارەکان زیاتر لە هەشت ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و ئیدی لە دۆخی لەناکاو دەرچوون، بەڵام ئەگەر بێینە سەر واقع، ئەو ئاوارانە ئێستاش لە دۆخی لەناکاودان و لە کامپەکان دەژین و ناوچەکانیان ئامادە نییە بۆ گەڕانەوەیان و حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".