رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر لە پەیکەری مامۆستا هەژار لە فولکەی هەژار لە شاری مهاباد بەردا و بەشێک لە پەیکەرەکە زیانی بەرکەوت.
کاژێر 2:30 خولکەی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-08-2021 کەسانێک چەندین تایەیان بردووەتە پەنای پەیکەری مامۆستا هەژار، شاعیری نەتەوەیی کورد، لە مهاباد و ئاگریان تێبەرداوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زوو فریاکەوتوون و پێش ئەوەی پەیکەرەکە زەرەر و زیانی زۆری پێبکەوێت ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاژە لە زاری رەحمان ئەحمەدی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی مهاباد بڵاویکردووەتەوە، نازانرێ ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە کێن، بەڵام چەندین کامێرای شاراوە لە نزیک ئەو شوێن هەن و رێکخراوی شارەوانی و پۆلیس دەتوانن لەو رێگەیەوە سەرەداوی بکەرانی ئەو رووداوە ئاشکرا بکەن.
رەحمان ئەحمەدی گوتوویەتی، هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە مهاباد لە کاتی گونجاودا گەیشتنە فولکەی هەژار و رێگەیان نەدا پەیکەری مامۆستا هەژار زیانی زۆری بەربکەوێت، بەڵام بەهۆی دووکەڵی تایەکانەوە، هەندێ بەشی رەنگەکەی تێکچووە.
ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش زۆرجار سوکایەتی بە پەیکەر و گڵکۆی کەسایەتییە نەتەوەییەکانی کورد لە شاری مهاباد کراوە، لەوانە؛ پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان، یان مامۆستا هەژار و هێمن و محەممەد ماملێ کە گڵکۆیان لە شاری مهابادە.
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کارانە دەستبەسەر یان سزا نەدراوە. سەرەتای ساڵی 2021 کەس یان کەسانێکی نەناسراو رەنگی رەشیان بە گڵکۆی محەممەد ماملی، هونەرمەندی نەتەوەیی کوردیان لە گردی شاعیران و هونەرمەندانی مهاباد، کرد و گڵکۆکەیان شێواند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ