هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دوادەخرێت
رووداو-هەولێر
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە بۆ مانگی ئەیلوول دوادەخرێت.
سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر بڕیاربوو دوای پشووی جەژنی قوربان دەستبکەینەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەی گەرما ناتوانین بەمزوانە دەستپێبکەینەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد، هەڵدانەوەی گۆڕەکان دوادەکەوێت بۆ مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، تاوەکو کەشوهەوا فێنک دەکات.
لە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کۆتایی مانگی رابردوو هەڵدرایەوە، رووفاتی 171 ئەنفالکراو دەرهێنرانەوە کە هەموویان ژن و منداڵ بوون، ئێستا رووفاتەکانیان لە پزیشکی دادوەری بەغدان، نمونەیان لێوەردەگیرێت بۆ پشکنینی "دی ئێن ئەی"، ئەو پرۆسەیەش زیاتر لە دوو مانگ دەخایێنێت.
سیروان جەلال ئەوەشی گوت "ئەو 171 رووفاتە ناهێندرێنەوە تاوەکو دوو گۆڕەکەی دیکەی سەماوە هەڵنەدرێنەوە کە پێشبینیدەکەن نزیکەی 500 رووفاتیان تێدابێت. دوای ئەوەی هەموو ئەو رووفاتانەی هەڵگیراونەتەوە پشکنینی 'دی ئێن ئەی' ـیان بۆ دەکرێت و لە رۆژی 14ـی نیسانی ساڵی داهاتوو دەهێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و بەخاکدەسپێردرێن".
کۆتایی مانگی رابردوو تیمی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەستیانکرد بە هەڵدانەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە کە سەرجەم رووفاتی ناوگۆڕەکان کوردن و لە سەردەمی حکومەتی بەعس ئەنفالکراون، بەڵام بەهۆی پشووی جەژنی قوربان تەنها یەک گۆڕیان هەڵدرایەوە و دوو گۆڕی دیکەیان ماونەتەوە.