قوباد تاڵەبانی: بەڵێنی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری کوردستان دەدەین

12-08-2018
گۆڤەند مستەفا
زانکۆی UTM یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی مالیزیا لە بەشەکانی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاریی
زانکۆی UTM یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی مالیزیا لە بەشەکانی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاریی
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی زانکۆی قەیوان سلێمانی مالیزیا
A+ A-

رووداو-سلێمانی

ئەمڕۆ لە سلێمانی زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوان کرایەوە و لە گوتارێکدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، لە خۆم و حکومەتەمان رادەبینم بەڵێنی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری کوردستان بدەین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان لە سلێمانی گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند: "بێجگە لە کێشە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، بەهۆی چەند هۆکارێکی وەکو دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەیەکی زۆر، کوردستان کەوتە بەردەم قەیرانی جۆراوجۆرەوە، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر گەشەکردنی کوردستان و جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری بەرنامەکانی حکومەتەکەمان هەبوو".

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە چارەسەرکردنی کێشەکان کرد و رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە ئێستا بەشێکی زۆری ئەو کێشانە خەریکن چارەسەر دەبن، هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی کارگێڕی و داراییەکانمان، کەم کەم خەریکە دەچینەوە سەر ئەو ستراتیژییەی کە داماننابوو، بۆیە ئێستا لە خۆم و حکومەتەمان رادەبینم بەڵێنی وەبەرهێنانی زیاتر بدەین، بەڵێنی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری کوردستان بدەین، بەڵێنی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانمان بدەین".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کێشە کولتوورییەکانی کرد و گوتی: "دڵنیاشین رۆڵمان لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان زیاتر دەبێت، بەڵام بێجگە لەو کێشانەی کە خەریکن چارەسەر دەبن، کێشەی دیکەمان هەیە کە رەگ و ریشەیەکی کەلتووریان هەیە، لەسەرەتای سەدەی رابردووەوە گرنگی پێویست بە زانستەکانی وەکو بیرکاری و زانستی مرۆڤایەتی و زمان و مێژوو و جوگرافیا نەدراوە و ئەمانە نەبوونە بە خەونی تاکی کوردی، لەبری ئەوە، سیاسەت و ململانێ سیاسییەکان جێگەی هەموو ئەمانەیان گرتووەتەوە، ئەم کەشوهەوا سیاسییە ناتەندروستەی ئێستاش، ئەنجامی ئەو راستییەیە، تاکە چارەسەریش ریفۆرمکردنی سەرەتاسەریی پەروەردە و خوێندنە، ئێمە تەنیا لەڕێگەی پەروەردە و خوێندنەوە دەتوانین وڵاتی خۆمان پێشبخەین و بەهێزی بکەین، وا بکەین، پزیشک، پارێزەر، سیاستەمەدار و نووسەر، وەرزشوان و مامۆستا، ئەندازیار و کرێکار و هونەرمەند و خاوەنکار و فرۆشیار دروست بکەن، تاوەکو هەموویان خاوەن کەرامەتی پارێزراو و خەونی خۆیانبن، چونکە بۆ هەر کەسێک خەونی خۆی بەرزترین و پیرۆزترینە و نابێت هەموو کۆمەڵگە سەرقاڵ بکرێت بەکێشە و ململانێ سیاسییەکان".

قوباد تاڵەبانی، هیوادارە زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان (UTM) "وەکو مۆدێلێکی نوێی زانکۆی پیشەیی و تەکنۆلۆژی خزمەتی هەرێمی کوردستان بکات و بتوانێت بەشێوازێکی نوێ و سەردەمیانە و بە بەهای بەرزی ئەکادیمی، خزمەتگوازرییەکان پێشکەش بکات".

زانکۆی UTM یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی مالیزیا لە بەشەکانی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاریی. لەساڵی 1930 وەک قوتابخانەیەکی تەکنەلۆژیا دەستی بەکار کرد. دوای 15 ساڵ بووە ئەکادیمیایەکی تەکنەلۆژیا و لەکۆتاییشدا لەساڵی 1975 کرایە زانکۆ. ئێستا یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی مالیزیا لەو بوارەدا و هەموو ساڵێکیش لە لیستی باشترین زانکۆکانی جیهان ناوی هەیە.

زانکۆی قەیوان بۆ خوێندنی 2018-2019 خوێندكار وەردەگیرێت و خوێندنیش بەزمانی ئینگلیزیە. مامۆستا و ستافەکانی زانکۆکە بە رێژەی 50٪ بیانی دەبن، کوالێتییەکەشی لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی UTM چاودێریی، هەڵسەنگاندن و گەرەنتی دەکرێت. سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندنیش لە زانکۆی قەیوان - UTM لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی UTM -ی مالیزیاوە دادەنرێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە