هەلیكۆپتەرێكی گواستنەوەی هاوکاریی بۆ ئاوارەکانی چیای شنگال کەوتەخوارەوە

رووداو- هەولێر

لە کاتی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی سەر چیای شنگال هەلیكۆپتەرێكی گواستنەوەی هاوکاری لەسەر زنجیرە چیای شنگال بەهۆی لەدەستدانی هاوسەنگییەوە دەکەوێتە خوارەوە.

سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''ئەمڕۆ هەلیكۆپتەرێكی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی چیای شنگال هاوسەنگی لەدەستداوەو کەوتووەتە خوارەوە''.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ''هەلیكۆپتەرەكە هەریەک لە ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق و یادگار فازڵ میرانی و 20 ئاوارەی ئێزدی چیای شنگالی هەڵگرتبوون''. سەرچاوەکە رایگەیاند ''فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستداوەو سەرجەم سەرنشینەکانی دیکەش برینداربوونە''.

هەروەها قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: ''هەلیكۆپتەرەكە لە جۆری می 17یەو لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی مرۆیی و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە''.

ئاشتی كۆچەر، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال بۆ رووداو گوتی،  سەرجەم بریندارەكان بە هەلیكۆپتەرێكی دیكە گواسترانەوە.