گوندی دووگردكان لەلایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە
رووداو- مەخموور
گوندی دووگردكانی سەر بە قەزای مەخموور لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە.
هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری گوێر لە پێشڕەویكردن بەردەوامن و ئەمڕۆش 3 رەبیەی گرنگیان لە بەرزاییەكانی قەرەچووغ كۆنترۆڵكردوون. بەپێی زانیارییەكانی رووداو گوندی دووگردكانی سەر بە قەزای مەخمووريش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵكراوەتەوە.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور- گوێڕی هێزەكانی پێشمەرگە پێشتر بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی گوتبوو كە ''ئەمڕۆ سێشممە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دەوروبەری گوێڕ رووبەڕووی چەكدارانی داعش بوونەوە و دوای شەڕێكی چەند كاژێری، هێزەكانمان توانیان 3 رەبیەی گرنگ لە بەرزاییەكانی رۆژئاوای قەرەچووغ كۆنترۆڵ بكەن، ئەو سێ رەبیەی داعش لە نزیك گوندی تەندوورەی سەر بە گوێڕ بوون''.
دوای ئەوەی داعش بۆ چەند رۆژێك قەزای مەخمووری كۆنترۆڵكرد، رۆژی 10/8/2014 هێزەكانی پێشمەرگە توانیان جارێكی دیكە قەزاكە لە دەست چەكدارانی داعش دەربهێننەوە و لە هەمان رۆژدا ناحیەی گوێڕیش كۆنترۆڵكرایەوە.