دوو هاونیشتمانی لە دەڤەری برادۆست بە تۆپبارانی تورکیا بریندار بوون

12-07-2024
ئەندام جەبار
دیمەنی بۆردوومانی ناوچەی برادۆست لە رابردوودا.
دیمەنی بۆردوومانی ناوچەی برادۆست لە رابردوودا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ کوێستانی لۆلان و بناری چیای شەکیویان لە دەڤەری برادۆست لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراوە؛ بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی بریندار بوون.
 
دەڤەری برادۆست دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
 
کاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەواڵمان پێگەیشتووە کە دوو هاونیشتمانی بریندار بوون و ئامادەکاریمان کردووە بۆ گەیشتنیان بە نەخۆشخانە و چارەسەرکردنیان".
 
هەروەها گوتی، بەهۆی نائارامیی سنوورەکەوە نەیانتوانیوە ئەمبوڵانس بنێرنە ناوچەکە و هاونیشتمانییان بریندارەکان دەگەیێنن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دواتر زانرا کە یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سووک بووە و نەهێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام دووەمیان هێندراوە.
 
 
دوو بریندارەکان یەکێکیان ناوی نێچیر حەکیم رەسووڵە و ئەوی دیکەیان کچێکە کە برینەکەی سووکە.
 
ماوەیەکە تورکیا بەچڕی بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ دەیان گوند چۆڵکراون.
 
بەپێی رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی، لە حەوت مانگى رابردوودا بەهۆى بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى تورکیاوە هەشت هاونیشتمانیی سڤیلی هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە، چواریان لە سنوورى دهۆک، سێیان لە سنوورى ئیدارەى سۆران لە پارێزگاى هەولێر و یەکێکیشیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بووە، هاونیشتیمانیەکیش لە سنوورى دهۆک بریندار بووە.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە لە ساڵى 1991ـەوە بەهۆى بۆردوومانى ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە، 344 هاونیشتمانى سڤیل کوژراون، 358ى دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە